Muhammed Gencebay Gür
29 مای,س 2023•نوێکردنەوە: 30 مای,س 2023
ئیستانبوڵ – AA
ئیستانبوڵ کە بەهۆی پێگەی ستراتیجیی، رۆڵی لە مێژوودا، ناوچە گەشتیارییەکان، هونەری تەلارسازیی دێرین و پاشخانی کولتووری چەندین سەدە یەکێکە لە شارە هەرە بەناوبانگەکانی جیهان، شەو و رۆژ ٢٤ کاتژمێر جموجۆڵی تیادایە و خەو ناچێتە چاوەکانی.
هاوشێوەی نەجیب فازڵ کساکورەک کە لە هۆنراوەی 'گیانەکەم ئیستانبوڵ' نووسیوویەتی: "هەموو بەرەبەیانێک لە حەسارەکانەوە تیرەکان لە کەوان دەردەچن / هێشتا دەنگی هاوار دێت لە کۆشکی تۆپکاپییەوە / وەک چۆن کەس وەک دایک نابێت، هیچ جێیەکیش وەک ئیستانبوڵ نابێت؛ / لەوانە بگەڕێت کە لەوێ پێ دەکەنن، ئەوانەی دەشگرین بەختەوەرن... / شەوان بۆنی گوڵی سیمبولی لێ دێ / تورکییەکەیشی بۆنی بولبولی لێ دێت / ئیستانبوڵ، ئیستانبوڵ..."، ئەم شارە بووەتە سەرچاوەی ئیلهامی ژمارەیەکی زۆر لە هۆنیاران.
ئیستانبوڵ کە بەهۆی ئەوەی هەردوو کیشوەری ئاسیا و ئەورووپا پێکەوە دەبەستێتەوە پێگەیەکی بێهاوتای هەیە لە جیهاندا، بە سروشتی دڵڕفێنی، ئەو هەوربڕانەی بۆ ئاسمان بەرزبوونەتەوە، منارە و گومبەزی مزگەوتەکانی و شوێنەوارە مێژووییەکانی سەردانیکەران سەرسام دەکات.
ترامە نۆستالجاییەکەی کە ژاوەژاوی جەنجاڵی تەقسیم کپ دەکات، پردە بە تیشک رازێندراوەکانی گەرووی ئیستانبوڵ کە لە تارمایی شەودا دەڵێی یاقوتە، دەنگی نەورەسەکان کە تێکەڵ دەبێت لەگەڵ دەنگی کەشتییەکان، مزگەوتە دێرینە گەورەکان، کڵێساکان و ئەو ماسیگرانەی کە لەسەر پردی گاڵاتا بە قولاب ماسی دەگرن، گەشتیاران بۆ لای خۆیان کەمەندکێش دەکەن.
ئەم شارە کە لە چەندین فیلمی یەشیلچام و هۆلیوددا دەبیندرێت، گۆڕەپانی روودانی چیرۆکە ئەویندارییەکانی نێو ئەفسانەکانی گاڵاتا کولەسی و کز کولەسی-یە.
ئەم شارە کە تاکە شارێکە لە جیهان دەریا بە ناویدا بڕوات و بکەوێتە ناو دوو کیشوەر، چەندین سەدەیە بەهۆی پێگەی ستراتیجیی دەریایی، وشکانی و ئاسمانی شارێکی بازرگانی و کولتوورییە.
- دیمەنی رەنگاوڕەنگی ئیستانبوڵ
تیمی ئاژانسی ئانادۆڵو لە رێگای درۆنەوە دیمەنی ئەو ناوچانەی ئیستانبوڵی تۆمار کرد کە لە شەو و رۆژدا جموجۆڵ تیایاندا بەردەوامە و رووناکییەکانیان ناکوژێندرێتەوە.
ئیستانبوڵ، ئەو شارەی کە بە درێژایی چەندین سەدە میوانداریی شارستانییەتییەکانی کردووە، شایەتحاڵی چەندین چیرۆکی مێژوویی و جیهانی مۆدێرنە.
ناوچەی فاتیح لە ئیستانبوڵ کە مێژووی ئاوەدانبوونەوەی دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی هەشت هەزار و ٥٠٠ ساڵ لەمەوبەر، هەر لە سەردەمی عوسمانییەکانەوە وەک زیندووترین خاڵی بازرگانی لە رۆژدا، بووەتە ناوەندێکی گرنگی شارەکە.
پردی فاتیح سوڵتان مەهمەت، پردی شەهیدانی ١٥ی تەمووز، پردی خەلیج، مەجیدییەکۆی، تەقسیم، ئوسکودار، هەروەها کەناراوەکانی هەردوو بەری شارەکە، بەتایبەتی لە کۆتایی هەفتەدا، لەو شوێنانەن کە زۆرترین ئۆتۆمبێل پێیاندا گوزەر دەکەن.
لە شەودا ئیستانبوڵ بە قەڵاکانی، هەروەها شوێنە گرنگەکانی وەک تاوەری گاڵاتا و مزگەوتی چەمالیجا جیاواز دەردەکەوێت. بە شەو و رۆژ بەبێ وەستان لەو شارەدا ژیان بەردەوامە.
- ئیستانبوڵ.. ناوەندی مێژوو و کولتوور و کات بەسەربردن
بەگوێرەی راپۆرتی ئامارەکانی گەشتوگوزار، ئیستانبوڵ لە ساڵی ٢٠٢٢دا، میوانداری ١٦ ملیۆن و ١٨ هەزار و ٧٢٦ گەشتیاری کردووە کە دەکاتە لەسەدا ٣٥،٩٥ی کۆی گشتیی ئەو گەشتیارانەی روویان لە تورکیا کردووە.
ئیستانبوڵ یەکێکە لەو شارانەی جیهان کە بە فرەچەشنیی ئایینی و نەتەوەیییەکەی ناوبانگی دەرکردووە، باڵات، فەنەر، کاراکۆی و کوزگونجوک دیارترینی ئەو ناوچانەن کە بە فرەچەشنیی ئایینی و نەتەوەییەکانیان بوونەتە جێگەی سەرنج.
رۆژانە هەزاران کەس سەردانی شوێنەوارە ئایینییەکان دەکەن لە شارەکە کە گرنگترینیان مزگەوتی ئایاسۆفیا، مزگەوتی سولەیمانییە و مزگەوتی گەورەی مەجیدییەیە.
شەقامی ئیستیقلال کە یەکێکە لە شوێنە هەرە بەناوبانگەکانی شارەکە، بە شەو رۆژ ژمارەیەکی ئێجگار زۆر لە گەشتیارانی بیانی سەردانی دەکەن.