Tuğçenur Akgün
13 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 13 نیسان 2023
نیویۆرک – AA
ئەمریکا تاقیکردنەوە مووشەکییە بالیستییە دوورمەوداکەی کۆریای باکووری بەتوندی سەرکۆنە کرد و داوای کرد، بەمەبەستی ئەنجامدانی دانوستان دەرفەتی دیپلۆماسیی بڕەخسێندرێت.
گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، ئەدریان واتسەن لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە "ئەمریکا بەتوندی تاقیکردنەوە مووشەکییە بالیستییە دوورمەوداکەی کۆریای باکوور سەرکۆنە دەکات".
واتسەن سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن و تیمی ئاسایشی نەتەوەیی لەگەڵ هاوبەش و هاوپەیمانەکاندا لە نزیکەوە لە هەماهەنگیدان و گوتی: "تاقیکردنەوە مووشەکییەکانی کۆریای باکوور پێشێلکارییەکی بێڕێزانەیە بەرامبەر بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی".
ئەدریان واتسەن بە سەرنج خستنە سەر ئەوەی کە ئەم تاقیکردنەوە مووشەکییانە بەبێ ئەوەی پێویست بکات گرژییەکان زیاتر دەکەن و مەترسی ئەوەیان هەیە ببنە هۆی ئەوەی ناوچەکە ناسەقامگیریی زیاتر بە خۆیەوە ببینێت، گوتی: "ئەم جۆرە کارانە نیشانی دەدەن کۆریای باکوور برەودان بە چەکی وێرانکەری نایاسایی و بەرنامەی مووشەکیی بالیستییان لەلا گرنگترە لە دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ گەلی کۆریای باکوور".
گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا داوای کرد، بەمەبەستی ئەنجامدانی دانوستان دەرفەتی دیپلۆماسی بڕەخسێندرێت و ئاماژەی بەوە دا کە دەرگای دیپلۆماسی ئەمریکا واڵایە بۆ ئەم مەبەستە و گوتی: "پێویستە پیۆنگیانگ دەستبەجێ واز لەو جۆرە کارانە بهێنێت و بێتە سەر مێزی دانوستان. ئەمریکا هەموو رێوشوێنێکی پێویست دەگرێتە بەر بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆی و کۆریای باشوور و ژاپۆنی هاوپەیمانی".