Sinan Doğan
13 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 13 نیسان 2023
بۆگۆتا - AA
لە وڵاتی چیلی لە ئەمریکای لاتین، سەدان خوێندکار، "یاسای ئاسایش"یان پڕۆتێستۆ کرد.
بەگوێرەی هەواڵێکی راگەیاندنەکانی چیلی، خوێندکاران لە ناوەندی شاری سانتیاگۆی پایتەخت، رێپێوانیان کردووە و سەرکۆنەی "یاسای ئاسایش"یان کردووە کە مشتومڕی زۆری لەسەرە و "دەسەڵاتی پۆلیس بۆ بەکارهێنانی چەک فراوان دەکات".
خوێندکارەکان داوای هەڵوەشاندنەوەی یاساکەیان کردووە و لەگەڵ هێزەکانی پۆلیس پێکداهەڵپژاون.
ئەوەش خراوەتەڕوو کە خۆپیشاندەران بەرد و مۆلۆتۆفیان بەکارهێناوە و هێزەکانی پۆلیسیش بە گازی فرمێسکڕێژ و ئاو بڵاوەیان پێ کردوون.
هەروەها لە رووداوەکاندا ئاگر بەردراوەتە قوتابخانەیەک و ژمارەیەکی زۆر خوێندکاریش دەستبەسەر کراون.
جێی ئاماژەیە "یاسای ئاسایش" بووەتە هۆی دروستبوونی مشتومڕێکی زۆر لە چیلی و خوێندکارانیش بەتوندی سەرکۆنەی بەندی "بەرگری لەخۆکردنی رێگەپێدراو" دەکەن.
ئەم یاسایەش کە لەلایەن کۆنگرەی نیشتمانییەوە پەسەند کراوە، دوای کوژرانی سێ پۆلیس لە ماوەی مانگێکدا، لەلایەن حکوومەتی ئەو وڵاتەوە پێشنیاز کرابوو.
لە وڵاتی چیلی، خوێندکاران ماوە ماوە دژبە مەرجەکانی خوێندن خۆپیشاندان دەکەن و لە هەندێک لە پێکداهەڵپژانەکانیان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان، توندوتیژی روودەدات.