Hemin Hüseyin
27 مای,س 2018•نوێکردنەوە: 28 مای,س 2018
هەولێر-AA
تۆمارکردنی قەوارە سیاسییەکان لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی دەستیپێکرد و بڕیارە بۆ ماوەی ١٢ رۆژ بەردەوام بێت بۆ ئەو قەوارانەی خۆیان تۆمار دەکەن بە مەبەستی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
بەڕێوەبەری تۆماری قەوارە سیاسییەکان لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی ئاماژە بەوە دەکات کە قەوارە سیاسییەکان دەتوانن لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان خۆیان تۆمار بکەن، راشیدەگەیەنێت کە خۆتۆمارکردن بۆ ماوەی ١٢ رۆژ بەردەوام دەبێت.
بەڕێوەبەری تۆماری قەوارە سیاسییەکان لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی، ژیار دزەیی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەمڕۆ یەکەم رۆژی تۆمارکردنی قەوارە سیاسییەکانە و هەموو لایەک دەتوانن لە هەر پارێزگایەک بن لەوێ خۆی تۆمار بکەن و دواتر بە نووسراوێک ئاراستەی ئێمە دەکرێت و ئێمەش دەینێرین بۆ ئەنجوومەنی کۆمسیاران بۆ پەسەندکردن".
لەبارەی میکانیزمی تۆمارکردنی قەوارە سیاسییەکان، ژیار دزەیی گوتی: "هەریەکە و بەپێی بەشداریکردن بڕە پارەیەکی وەک بارمتە لێ وەردەگیرێت، بۆ نموونە، ئەگەر بۆ سەد کورسیەکە بێت واتا حزب یان کۆمەڵە بێت، ئەوا بڕی ٥٠ ملیۆن دینار دانراوە، بۆ پێکهاتەی دیکە ٢٥ ملیۆن دینار و قەوارەی تاکی ئەرمەنی کە لەسەر یەک کورسی کێبڕکێ دەکەن، بڕی ١٠ ملیۆن دیناری بۆ تەرخانکراوە".
سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەکردنییان لەگەڵ ئەو برە پارەیە دوای تەواوبوونی پڕۆسەی هەڵبژاردن، ژیار دزەیی گوتی: "ئەگەرهاتوو هیچ پێبژاردنێکیان نەبوو و کورسیان بەدەست هێنا، ئەوا پارەکەیان بۆ دەگەڕێتەوە، بەڵام ئەگەر هیچ کورسییەکیان بەدەست نەهێنا، ئەوا پارەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ گەنجینەی دەوڵەت".
ژیار دزەیی گوتیشی: "ئەو تۆمارکردنە لە ٢٧ی ئایار تا حەوتی حوزەیران واتا ماوەی ١٢ رۆژ بەردەوام دەبێت و دواتر چەند رۆژێک مۆلەتی تانەلێدانە و پاشان ١٨ تا ٢٠ی مانگ هاوپەیمانییەتی تۆمار دەکرێت".
بڕیارە رۆژی ٣٠/٩/٢٠١٨ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت.