Kasım İleri
08 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 08 شوبات 2022
واشنتۆن - AA
نوێنەری باڵای پەیوەندییەکانی دەرەوە و سیاسەتی ئاسایشی یەکێتیی ئەورووپا، جۆزێپ بۆرێل، ئەوەی راگەیاند کە لە نیگەرانییەکانی ئەمریکا سەبارەت بە کۆکردنەوەی ھێزی سەربازیی رووسیا لەسەر سنووری ئۆکراینا، تێدەگەن و لە دوای "جەنگی سارد"بەملاوە بە مەترسیدارترین قۆناغدا تێدەپەڕن.
بۆرێل کە لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی وەزیرانی ئەنجوومەنی وزەی ئەمریکا-یەکێتی ئەورووپا لە واشنتۆن-ـە، لەدوای کۆبوونەوەی دووقۆڵیی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەنتۆنی بڵینکن کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی ھاوبەشیان ئەنجامدا.
بۆرێل، ئاماژەی بەوە کرد کە لە ماوەکانی رابردوودا ناوچەکە کەوتووەتە ژێر ئەو کاریگەرە جیۆسیاسیەی کە رووسیا درووستی کردووە و گوتی: " پرسی وزە لە چەقی گرژییەکانی نێوان رووسیا و ئۆکراینا دایە".
بۆرێل گوتی: "لەبەر ئەوەی رووسیا، دوودڵ نابێت لە بەکارھێنانی دابینکردنی گرنگی وزە بۆ ئەورووپا وەکو ئامرازێکی فشار بۆ بەرژەوەندییە جیۆسیاسییەکانی، نرخی وزە لە یەکێتی ئەورووپا بە بەراوورد لەگەڵ ساڵی رابردوودا بۆ شەش تاکو ١٠ ھێندە بەرزبووەتەوە".
- "وەکو یەکێتی ئەورووپا بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لەو وەڵامە دەکەین کە ئەمریکا و ناتۆ بە رووسیایان داوەتەوە"
جۆزێپ بۆرێل، لە ھەڵسەنگاندنیدا بۆ نووسراوەکانی سەبارەت بە متمانەی ئەمنی لە نێوان ئەمریکا و ناتۆ لەگەڵ رووسیا، گوتی: "وەکو یەکێتی ئەورووپا، بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لە وەڵامەکەی ئەمریکا و ناتۆ بۆ رووسیا سەبارەت بە ھەماھەنگی لەسەر ئاسایشی ئەورووپا دەکەین".
- بڵینکن: "رێگە نادەین ئەورووپا بەبێ وزە بمێنێتەوە"
لەلای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەنتۆنی بڵینکن، ئەوەی راگەیاند کە رووسیا خەریکی کۆکردنەوەی ھێزی سەربازییە لەسەر سنووری ئۆکراینا و بۆ ئەوەی رێگری لێنەکرێت وزە وەکو ھەڕەشە لە بەرامبەر ئەورووپا بەکاردەھێنێت.
بڵینکن گوتی:
"رووسیا، کاتێک لە ٢٠٠٩دا ناکۆکی لەگەڵ ئۆکراینا ھەبوو دابینکردنی گازی بۆ ئەورووپا راگرتبوو. ئەو کاتە خەڵک لە سەرما رەقببوونەوە و بەھۆی راوەستانی وزەوە ئابووری پەکی کەوتبوو. لە ئەگەری راگرتنی گازی ئەورووپا لەلایەن رووسیاوە، جارێکی دیکە رێگە بەمە نادەین و سوورین لەسەر رێگرتن لە زیادبوونی نرخی گاز".