Betül Yürük
08 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 09 شوبات 2022
نیویۆرک - AA
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن رایگەیاند، ئەگەر رووسیا ئۆکراینا داگیر بکات، ناتۆ ئامادەیە بەرپەرچی بداتەوە.
بایدن لە کۆشکی سپی لەگەڵ راوێژکاری ئەڵمانیا، ئۆلاف شوڵتز کۆبووەوە.
دوای کۆبوونەوەکە، بایدن لەگەڵ شوڵتز کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشی ساز کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەجێندایان نیشاندانی هەڵوێستێکی هاوبەشە لە دژی هەڕەشەی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا.
سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوە کرد کە وڵاتەکەی لەگەڵ ئەڵمانیا و هاوپەیمان و هاوبەشەکانی دیکەیدا لە هەوڵی چارەسەری دیپلۆماسییدایە بۆ قەیرانی ئۆکراینا-رووسیا و گوتی: ''ئەگەر رووسیا بڕیار بدات بە داگیرکردنی زیاتری ئۆکراینا، ئێمە بە هاوبەشی ئامادەین (بۆ بەرپەرچدانەوە)، هەموو ناتۆ ئامادەیە''.
لە وەڵامی پرسیارێکدا لە بارەی پرۆژەی ''تەوژمی باکووری ٢'' کە بۆ گواستنەوەی غازی سروشتیی لە رووسیاوە بۆ ئەڵمانیا بنیات دەنرێت، ئایا دڵنیاییتان لە راوێژکار شوڵتز وەرگرتووە؟ ئایا ئەڵمانیا ئەو پرۆژەیە رادەگرێت؟ بایدن رایگەیاند ''ئەگەر رووسیا (ئۆکراینا) داگیری بکات، واتا ئەو تانک و سەربازانە سنووری ئۆکراینا دەبەزێنن، ئیدی تەوژمی باکووری ٢ نابێت، کۆتایی پێ دەهێنین. بەڵێن دەدەم ئەو کارە دەکەین''.
جۆ بایدن سەبارەت بە پرسیاری میدیاکانی ئەمریکا کە ئایا ئەڵمانیا هاوبەشێکی باوەڕپێکراوە لە قەیرانی ئۆکراینادا، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەڵمانیا یەکێکە لە گرنگترین هاوبەشەکانی ئەمریکا و یەکێکە لەو وڵاتانەی گەورەترین پاڵپشتی دارایی بۆ ئۆکراینا دابین دەکات.
سەرۆکی ئەمریکا ئەوەشی خستەڕوو کە داگیرکردنی ئۆکراینا لەلایەن رووسیاوە هەڵەیەکی گەورە دەبێت و سەرۆکی رووسیا باجێکی قورس دەدات و گوتی: ''هەم بە شەخسی هەم بە تەلەفۆن زۆر بەڕوونی بە پوتین-م گوت، قورسترین سزای ئابووریی بەسەردا دەسەپێنین کە تا ئێستا هەبووبێت''.
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ئەوەی کە ئایا هاووڵاتییانی ئەمریکا ئۆکراینا جێبهێڵن، بایدن رایگەیاند ''رۆیشتنیان ژیرانە دەبێت، بەڵام باسی دیپلۆماتکارەکان ناکەم''.