Yunus Kaymaz
16 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 18 ئەیلوول 2022
ئیستانبوڵ-AA
تێنسزانی سویسری، رۆجێر فێدێرێر ئاشكرایكرد، دوای پاڵەوانێتی جامی لاڤەر کە هەفتەی داهاتوو بەڕێوەدەچێت، کۆتایی بە ژیانی وەرزشی خۆی دەهێنێت.
رۆجێر فێدێرێری تەمەن ٤١ ساڵان کە لە ژیانی وەرزشیدا،٢٠ پاڵەوانێتی گراندسلامی بەدەستهێناوە، لەرێگهی هەژماری خۆی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڕیاری وازهێنانی لە تێنس بڵاوکردەوە.
فێدێرێر لە پەیامەکەیدا رایگەیاندووه: "بێگومان لە داهاتوودا زیاتر یاری تێنس دەکەم بەڵام لە گراند سلامەکان و خولەکانی ATP نا"، و ئاشکرای کرد کە پاڵەوانێتی جامی لاڤەر کە لە ٢٣-٢٥ی ئەیلوول لە بەریتانیا بەڕێوەدەچێت دەبێتە کۆتا پاڵەوانێتی کە بەشداریی تێدا بکات.
تێنسزانە سویسرییەکە کە تا ئێستا سێ جار نەشتەرگەری ئەژنۆی بۆ ئەنجامدراوە و لە پاڵەوانێتی ٢٠٢١ی ویمبڵدۆن-هوە تا ئێستا لە یاریگاکان دوورکەوتووەتەوە، ئەوەی خستووەتەڕوو: "پەیامی جەستەمم له ماوهی رابردوودا بۆ روونە. بەدرێژایی ٢٤ ساڵ زیاتر لە هەزار و ٥٠٠ یاریم ئەنجامداوه. دەبێت دان بەوەدا بنێم کە کاتی ئەوە هاتووە کۆتایی بە ژیانی وەرزشییم بهێنم".
رۆجێر فێدێرێر کە هەشت جار ویمبڵدۆنی لە یاری تاکەکەسی پیاواندا بردووەتەوە، دوایین نازناوی لە پاڵەوانێتی ئوسترالیای كراوهی ٢٠١٨دا لە تەمەنی ٣٦ ساڵیدا بەدەستهێناوە.
فێدێرێر کە بۆیەکەم جار لە ساڵی ٢٠٠٤دا گهیشته پلە یەکی ریزبەندی یاریزانانی تێنسی جیهانی، کۆی گشتی ٣١٠ هەفتە لە لووتکەدا مایەوە و ژمارەی پێوانەیی لەو بوارەدا تۆمار کردبوو. تێنسزانی سڕبی، نۆڤاک جۆکۆڤیچ ساڵی رابردوو توانی ئەو ژمارە پێوانەییە بشکێنێت.
تێنسزانی ئیسپانی، رافائێل نادال کە ٢٢ نازناوی گراند سلامی بەدەستهێناوە و نۆڤاک جۆکۆڤیچ کە خاوەن ٢١ نازناوە لەو ماوەیەدا لە لیستی "وەرزشوانی پیاو کە زۆرترین بردنەوەی گراند سلامی بەدەستهێناوە" توانییان پێش فێدێرێر بکەونەوە.