Sarmand Hameed
12 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 15 حوزەیران 2021
هەولێر - AA
جێنشینی ئەبو زەبی و جێگری فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی ئیمارات، محەمەد بن زاید ئال نهھیان، لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، بەردەوامیی پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ ھەرێمی کوردستان و عێراق و خواستی برەودانی بە پەیوەندییەکان و فراونکردنی بوارەکانی ھاوبەشی و ھاریکاری لەگەڵ ھەرێمی کوردستان، دووپات کردەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا کە ئێوارەی رۆژی شەممە بە ئامادەبوونی باڵیۆزی عیراق لە ئەبوزەبی بەڕێوەچوو، ھەردوولا پەیوەندییەکانی ئیمارات لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان، پرۆسەی سیاسی و ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی عیراق، ھەڕەشە و مەترسییەکانی تیرۆر و سەرھەڵدانەوەی داعش، دۆخی ناوچەکە بەگشتی، گرنگیی ھاریکاری و ھەماھەنگیی ھەمەلایەنە بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەکە و چەند پرسێکی جێی بایەخی ھاوبەشیان تاوتوێکردووه.
ههروهها نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی لە ئیمارات کردووه بۆ ھەڵبژاردن و بە ئەندامبوونی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ ماوەی ٢٠٢٢ ـ ٢٠٢٣ کە بەڵگەی متمانەی جیھانە بە سیاسەت و پێگە و رۆڵی گرنگی ئیمارات، ھەروەھا ئاستی بەرزی دیپلۆماتی و پەیوەندییەکان و کاریگەریی ئیمارات لەڕووی ھاریکاری و پەرەپێدان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، نیشان دەدات.
جگه لهوهش سەرۆکی ھەرێمی کوردستان سوپاسی ئیماراتی کردووه بۆ یارمەتییە مرۆیییەکانی، بەتایبەتیش دوایین یارمەتییان بە ناوی دەستپێشخەریی خاتوو شێخە فاتیمە بنت موبارەک کە تیایدا ھەزاران دۆزی ڤاکسینی کۆرۆنای پێشکەش بە ئاوارە و پەنابەران لە ھەرێمی کوردستان کردووه، ھەروەھا سوپاس و پێزانینی بۆ رۆڵی مانگی سووری ئیماراتی و کۆنسوڵی گشتیی ئیمارات لە ھەرێمی کوردستان دەربڕیوه.
نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردووهتهوە کە ھەرێمی کوردستان بە زەمینەی لەباری بۆ وەبەرھێنان، ئامادەیە ھەموو ئاسانکارییەک پێشکەش بە وەبەرھێنان و سەرمایەگوزاریی ئیماراتی لە ھەموو کەرت و بوارەکاندا بکات و پێشوازی لە کۆمپانیا ئیماراتییەکان و کارە و پرۆژەکانیان دەکات.
بهپێی راگهیهندراوهكه، لەبارەی دۆخی ناوچەکەوە، ھەردوولا ھاوڕابوون کە ھاوبەشی ھاریکاریی وڵاتانی ناوچەکە بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیری و نەھێشتنی مەترسییەکانی تیرۆر و توندڕەوی و برەودان بە بوارەکانی پەرەپێدان لە ھەموو کەرتەکاندا پێویستە، بۆ ئەم مەبەستەش ئامادەیی و رۆڵی عێراق و ھەرێمی کوردستان و ئیماراتیان لەگەل وڵاتانی ناوچەکە بە گرنگ زانیوه.