Gökhan Varan
12 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 13 حوزەیران 2021
ئەنقەرە - AA
رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی، سندوقی هاوکاری منداڵانی سەر بە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونسێف) دەربارەی منداڵانی ئیشکەر لە سەرتاسەری جیهاندا راپۆرتێکیان بڵاوکردووەتەوە و تیایدا ئەوە خراوەتەڕوو کە بەراورد بە راپۆرتەکانی ساڵی ٢٠٢٠ ژمارەی منداڵانی ئیشکەر لە جیهاندا ٨،٤ ملیۆن زیادی کردووە و گەیشتووەتە ١٦٠ ملیۆن منداڵ.
نیگەرانی ئەوەش هەیە کە ئەگەر رێوشوێنی پێویست نەگیردرێتەبەر تا کۆتایی ٢٠٢٢ ژمارەی منداڵانی ئیشکەر لە سەرتاسەری جیهاندا بگاتە ١٦٩ ملیۆن.
- ٧٩ ملیۆن منداڵ کاری مەترسیدار دەکەن
بەگوێرەی راپۆرتەکە لە کۆی ئەو ١٦٠ ملیۆن منداڵەی لە جیهاندا کار دەکەن، ٧٩ ملیۆنیان کە تەمەنیان لە نێوان پێنج بۆ ١٧ ساڵدایە کاری مەترسیدار ئەنجام دەدەن.
منداڵە ئیشکەرەکان لە سەدا ٢٨یان کە تەمەنیان لە نێوان ٥-١١ ساڵێدایە و لەسەدا ٣٥یان کە تەمەنیان لە نێوان ١٢- ١٤ ساڵیدایە ناچن بۆ قوتابخانە.
هەروەها لەسەدا ٧٢ی منداڵە ئیشکەرەکان لەگەڵ خێزانەکانیان ئیش دەکەن.
وڵاتانی ئاسیا، زەریای ئارام، ئەمریکای لاتین و وڵاتانی سەر دەریای کاریبی لە ساڵی ٢٠٠٨ەوە تا ئێستا لە بواری ئیش کردنی منداڵدا بەرەوپێشچوونی ئەرێنیان بەخۆوە بینیوە بەڵام لە وڵاتانی ئەفریقا رەوشەکە خراپتر بووە.
بەهۆی خراپی گوزەرانی منداڵانی ئیشکەر، بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠٠٢دا رۆژی ١٢ی حوزەیران وەک "رۆژی بەرەنگاربوونەوەی ئیش کردنی منداڵان" دیاریکرا.
ساڵانە لەم رۆژەدا چەندین کەمپینی نوێ لە نێوان حکوومەتەکان، رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی، قوتابخانەکان و گرووپەکانی گەنجان بۆ بەرەنگاربووەنەوەی ئیش کردنی منداڵ و کەمکردنەوەی ئەو دیاردەیە رێکدەخرێت.