Atila Altuntaş
30 تشرینی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 01 کانوونی یەکەم 2022
ستۆکهۆڵم - AA
وەزیری دەرەوەی سوید، تۆبیاس بیلسترۆم ئاماژەی بەوە کرد کە پێشوەچوون هەیە لەو کۆبوونەوانەی لەگەڵ تورکیا ئەنجامدراون و لە کاتێکی زۆر نزیکدا سەردانی تورکیا دەکات.
تۆبیاس بیلسترۆم لە لێدوانێکیدا بۆ تەلەڤیزیۆنی فەرمی سوید "SVT"، باسی لەو کۆبوونەوەیە کرد کە دوێنێ لە بڕۆکسل لە پەراوێزی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو و وەزیری دەرەوەی فینلاند، پیکا هاڤیستۆ ئەنجامیان دا و گوتی:
''پێشوەچوون لە گفتوگۆکانی ناتۆدا بەدیهات. ئەمە دوێنێ لە کۆبوونەوەماندا لەگەڵ هاوتاکانی دیکەمان لە بڕۆکسل پەسەند کرا. لە کاتێکی زۆر نزیکدا سەردانی تورکیا دەکەم و لەگەڵ وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە چاوشئۆغڵو کۆدەبمەوە. لەوێ هەلی تاوتوێکردنی بابەتانێکی زۆرمان دەبێت. بە تاسەوە چاوەڕوانی ئەو کۆبوونەوەیەم''.
وەزیری دەرەوەی سوید، تۆبیاس بیلسترۆم باسی لەوە کرد کە نازانن کەی تورکیا ئەندامێتی سوید لە ناتۆ پەسەند دەکات و رایگەیاند: ''هەڵەیە ئاماژە بە کاتێکی دیاریکراو بکەین، بەڵام ئەو پێشوەچوونەی دوێنێ لە کۆبوونەوەکەی بڕۆکسل دەرچوو، رەنگە پەرلەمانی تورکیا بگەیەنێتە خاڵێک ئەندامێتی سوید لە ناتۆ پەسەند بکات''.