Ömer Tuğrul Çam
11 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 11 تەمووز 2023
ڤیلنیوس – AA
سەرکردەکانی وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ لە میانی لووتکەی ناتۆ کە لە ڤیلنیوس پایتەخی لیتوانیا بەڕێوە دەچێت کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە سەرۆک دەوڵەت و سەرۆک حکوومەتانی ئەندام لە ناتۆ بەشداری تیادا دەکەن، سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان نوێنەرایەتی تورکیا دەکات.
فینلاند بۆ یەکەمجار وەک ئەندامی تەواوەتی بەشداری لە لووتکەکەدا دەکات و لە کاتی کردنەوەی لووتکەکەدا سکرتێری گشتیی ناتۆ، یانس ستۆڵتنبێرگ پیرۆزبایی لە سەرکۆماری فینلاند، ساوڵی نینیستۆ کرد کە یەکەمجارە بەشداری لە لووتکەکەدا دەکات. دوای گوتەکانی ستۆڵتنبێرگ سەرکردەکان چەپڵەیان بۆ نینیستۆ لێدا.
لە لووتکەکەدا، سکرتێری گشتیی ناتۆ ئاماژەی بەوە دا کە دوای رێککەوتنەکەی دوێنێ بە دوای فینلانددا بەم زووانە سویدیش دەبێتە ئەندامی تەواوەتی لە ناتۆ و سەرکردەکان چەپڵەیان لێ دا.
ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە سەرکردەکانی وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ ئەمڕۆ بڕیاری گرنگ دەدەن و گوتی: "پشتیوانییەکانمان بۆ ئۆکراینا زیاد دەکەین. رەزامەندی لەسەر پلانی نوێی بەرگریی ناتۆ دەدەین و دەگەینە رێککەوتن لەسەر وەبەرهێنان لە بواری بەرگریدا".