Emre Aytekin
09 تشرینی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 10 تشرینی دووەم 2022
پەکین – AA
سەرۆکی چین، شی جیپینگ بە ئاماژەدان بەوەی کە وڵاتەکەی دووچاری ناسەقامگیری و نادیاری زۆر بووەتەوە لە رووی ئەمنییەوە، رایگەیاند "پێویستە سوپا توانای بەرگریی زیاترى ھەبێت و لە ئامادەکاریدا بێت بۆ جەنگ".
تەلەڤیزیۆنی دەوڵەتی چین CCTV بڵاوی کردەوە دوێنێ شی ناوەندی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی کۆمیسیۆنی سەربازی ناوەندی کە بارەگای کۆماندۆی سوپای رزگاریی گەلی چینە بەسەر کردووەتەوە.
شی بە ئاماژەدان بەوەی کە لە قۆناغی نوێدا ئەرکی سەخت دەکەوێتە سەر شانی سوپای چین، گوتی: "تەواوی ھێزە سەربازییەکان دەبێتە سەرنج بخەنە سەر توانای جەنگ و ھەنگاو بنێن لە پێناو بەرزکردنەوەی توانای سەرکەوتن و ئامادەکاری بکەن بۆ جەنگ".
سەرۆکی چین بە سەرنج خستنە سەر ئەوەی کە "جیھان بە گۆڕانکارییەکی خێرادا تێدەپەڕێت کە لە ١٠٠ ساڵدا جارێک دەبیندرێت"، گوتی: "سوپای چین دەبێت بە پێداگیرانەوە سەروەری نیشتمانی، ئاسایش و بەرژەوەندییەکان بپارێزێت و بەو ئەرکانە ھەڵبستێت کە پارت(ی کۆمۆنیستی چین) و گەل ئاماژەیان پێ داوە".
شی کە جلوبەرگی سەربازی پۆشیبوو لە میانی کۆبوونەوە لەگەڵ فەرماندەکانی سوپا ئاماژەی بەوە دا کە ئامانجیان ئەوەیە تاکوو ٢٠٢٧ کە ھاوکاتە لەگەڵ ١٠٠ ساڵەی دامەزراندی سوپای رزگاری گەلی چین، سوپاکە ببێتە یەکێک لە ھێزە چەکدارییە پلە باڵاکانی جیھان، گوتی: "دەبێت لەم پێناوەدا چی لە تواناماندا بێت ئەنجامی بدەین".