Bayram Altuğ
07 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 08 تشرینی دووەم 2020
ئالبێرتڤیل- AA
لە شاری ئالبێرتڤیل-ی فەڕەنسا بەهۆی ئەوەی لەبەرامبەر دروستکردنی کاریکاتێر لەسەر پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) وەڵامی مامۆستاکانیان دابووەوە چوار منداڵی تەمەن ١٠ ساڵان کە سێیان تورک و یەکێکیان جەزائیری بوو لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر کران.
ئەو منداڵانە و خێزانەکانیان چیرۆکی خۆیان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گێڕایەوە و باسیان لەوە کرد بەیانی رۆژی پێنجی تشرینی دووەم پۆلیس هەڵیکوتاوەتە سەر ماڵەکانیان و مندڵەکانی بردوەتە بنکەی پۆلیس.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گرتەی ساتی دەستگیرکردنی منداڵەکان بڵاوبووەتەوە و کاردانەوەی زۆری رەوەندی تورکی و موسوڵمانانی لێکەوتوەتەوە.
منداڵەکان لە قوتابخانە گوتویانە کاریکاتێرەکانیان بەلاوە شتێکی ناشرینە، لەسەر ئەم گوتەیە مامۆستاکانیان پۆلیسیان ئاگادار کردوەتەوە و پۆلیسی فەڕەنسی منداڵەکانی بە تۆمەتی "پشتیوانی تیرۆر" دەستبەسەر کردوە و نزیکەی ١١ کاتژمێر لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کردون.

دواتریش خێزانی منداڵەکان لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کراوە و لەبارەی سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، نوێژ و رۆژوو پرسیاریان لێکراوە.
گەورەترین ترسی ئەو خێزانانەش ئەوەیە کە حکوومەتی فەڕەنسا سەرپەرشتی منداڵەکانیان لێ وەربگرێتەوە.
منداڵەکانیش بەهۆی ئەوەی لەلایەن پۆلیسەوە مامەڵەی تیرۆرستیان لەگەڵ کراوە و بۆ ماوەیەکی زۆر لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کراوە زۆر ترساون و تووشی شڵەژانی دەروونی بوون.
خێزانی یەکێک لە منداڵەکان دەیەوێت داوای یاسایی لە دژی بەڕێوبەری قوتابخانەی کچەکەی و خێزانی یەکێکی دیکەشیان دەیەوێت داوای یاسایی دژی پۆلیس تۆمار بکات.



