Abdullah Shukur
19 تشرینی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 19 تشرینی یەکەم 2018
برۆکسل - AA
لووتکەی کۆریای باشوور و یەکێتیی ئەورووپا بە مەبەستی زیادکردنی ھەماھەنگی لەهەمبەر پرسە جیھانییەکان و گۆڕانکارییەکانی ئاووھەوا و داماڵینی نیمچە دوورگەی کۆریا لە چەکی ناوەکی دەستیپێکرد.
لووتکەکە بە بەشداری سەرۆکی ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەورووپا، دۆناڵد توسک و سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا، جان کلود یونکەر و سەرۆکی کۆریای باشوور، موون جای-ئین لە شاری بڕۆکسل دەستیپێکرد.
دۆناڵد توسک لە گوتاری دەستپێکی لووتکەکەدا رایگەیاند کە کۆریای باشوور و یەکێتیی ئەورووپا، دوو ھاوبەشی متمانەپێکراوی یەکترن لەبەرامبەر پرسە جیھانییەکان.
دۆناڵد توسک راشیگەیاند کە ئیدارەی سیئۆل رۆڵێکی گرنگ دەگێرێت لە کەمکردنەوەی گرژییەکان لە نیمچە دوورگەی کۆریا و ئاماژەیشی بە گرنگی دیالۆگ لەگەڵ کۆریای باکوور کرد.
لە لایەکی دیکەوە سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا، جان کلود یونکەر گوتی: "یەکێتیی ئەورووپا و کۆریای باشوور ئامانجیان زیندوو ھێشتنەوەی بۆچوونی فرەلایەنییە لە بازرگانی نێودەوڵەتی".
جان کلود یونکەر جەختیشی لەوە کردەوە کە قەبارەی بازرگانی نێوان یەکێتیی ئەورووپا و کۆریای باشوور لەم چەند ساڵەی دواییدا زۆر زیادی کردووە.