Muhammed Emin Canik
13 کانوونی یەکەم 2023•نوێکردنەوە: 14 کانوونی یەکەم 2023
ئیستانبوڵ - AA
ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئەنجامی ھێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززەی گەمارۆدراو کە لە ٧ی تشرینی یەکەمەوە تا ئێستا ئەنجامیداون کوژراون لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ١٩٦ کەس زیادی کردووە و بەرزبووەتەوە بۆ ١٨ ھەزار و ٦٠٨ کەس.
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی لە غەززە، ئەشرەف قودرا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا زانیاریی سەبارەت بە هێرشەکانی ئیسرائیل خستەڕوو کە درێژەیان هەیە.
قودرا باسی لەوە کرد کە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، ١٩٦ تەرم و ٤٩٩ بریندار گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکان و، ژمارەیەکی زۆر تەرم لەژێر داروپەردووە ڕووخاوەکان و قەرەخ رێگاکاندا ماون.
هەروەها قودرا ئاماژەی بەوە کرد تێکڕای ژمارەی ئەوانەی لە ٧ی تشرینی یەکەمەوە تا ئێستا کوژراون بەرزبووەتەوە بۆ ١٨ هەزار و ٦٠٨ کەس، ژمارەی بریندارانیش گەیشتووەتە ٥٠ هەزار و ٥٩٤ کەس.
سەبارەت بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سیستمی تەندروستیی، قودرا ڕایگەیاند: "ئامانجی ئیسرائیل لە هێرشکردنە سەر نەخۆشخانەکانی باکووری کەرتی غەززە لەناوبردنی سیستمی تەندروستییە، بۆئەوەی خەڵکی ناوچەکە ناچار بە کۆچ بکات".
هاوکات وەزارەتی تەندروستی غەززە، بە ئاماژە کردن بە تەواوبوونی پێکوتەی منداڵان داوای هاوکاری نێودەوڵەتیی کرد.