Adam Abu-bashal
19 نیسان 2020•نوێکردنەوە: 20 نیسان 2020
ئەبوجا - AA
لە ئاکامی ھێرشێکی چەکداریی لە باکووری نێجیریا ، ٤٧ کەس کوژران.
بەڕێوەبەری ئاسایشی ناوچەی کاتسینا، گامبۆ عیسا لە لێدوانێکیدا بۆ راگەیاندنەکانی خۆجیی ئەو وڵاتە، ئاماژی بەوە کرد کە چەند چەکدارێکی نەناسراو بەمەبەستی تۆڵەسەندنەوە ھێرشیان کردووەتە سەر ناوچەکانی دوتسینما، دانموسا و سافانا.
عیسا رایگەیاند کە لە ئاکامی ھێرشەکەدا، ٤٧ کەس گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی زۆری خەڵکیش برینداربوون.
بەڕێوەبەری ئاسایشی ناوچەی کاتسینا ئەوەشی خستەڕوو کە بریندارەکان رەوانەی نەخۆشخانەکان کراون و زیانێکی ماددی زۆریش بە ناوچەکە کەوتووە.
بەڕێوەبەری ئاسایشی ناوچەی کاتسینا، گامبۆ عیسا ئاشکرایشی کرد کە ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی و وشکایی لە ناوچەکەدا دەستیپێکردووە.
بەپێی ئەو ھەواڵانەی لە راگەیاندنەکانی ئەو وڵاتە بڵاوکراوەتەوە، پێشتر چەکدارەکان ھەوڵیانداوە ھێرش بکەنە سەر ویلایەتەکە، بەڵام خەڵکەکە رێگریان لێکردوون و بەم ھۆیەشەوە ئەو چەکدارانە بەمەبەستی تۆڵەسەندنەوە ھێرشەکەیان ئەنجامداوە.
ناو بەناو شەڕ و ئاڵۆزی لە نێوان فولانییەکان کە بە کاری ئاژەڵداری سەرقاڵن ھەروەھا ئەو ھۆزانەی ناوچەکە کە کاری جووتیاری دەکەن، روودەدات.