Zana Natık Kerem
05 نیسان 2022•نوێکردنەوە: 06 نیسان 2022
ھەولێر ــ AA
سەرۆکی تیمی نێودەوڵەتیی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش، کریستیان ریچێر رایگەیاند، رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە میانی کۆنترۆڵکردنی شاری مووسڵ سەنتەری پارێزگای نەینەوا باکووری عێراق، گازی خەردەل کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی قەدەغەکراوە لە شارەکە بەکارھێناوە.
کریستیان ریچێر لە لێدوانێکدا بە رۆژنامەی "ئەلسەباح"ی نیمچە فەرمی عێراقی راگەیاندووە کە ھەنگاوی باشیان لە لێکۆڵینەوەکان لە تاوانەکانی داعشدا ناوە و گوتی: "لە میانی لێکۆڵینەوەکاندا، ئەوەمان بۆ پشتڕاست بووەتەوە کە رێکخراوی تیرۆریستیی داعش چەکی کیمیایی بە تایبەتیش گازی خەردەل کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی قەدەغەکراوە دژبە ھاووڵاتییان لە شاری موسڵ بەکارھێناوە".
سەرۆکی تیمی نێودەوڵەتیی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش روونی کردووەتەوە کە داعش بە ھەڕەمەکیی ئەو کارەی نەکردووە، بەڵکو لە رێگای کەسانی شارەزا و بە ئامێرەکانی زانکۆی مووسڵ، چەکی کیمیایی دروستکردووە و گوتی: "بەردەوامین لە لێکۆڵینەوەکان لە بەکارھێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە لە مووسڵ، ئەوەیش یەکێکە لە تاوانەکانی رێکخراوەکە".
کریستیان ریچێر باسی لەوەش کردووە کە تیمەکانیان ھەروەھا لێکۆڵینەوەیان لە تاوانەکەی سپایکەر کردووە کە بە قێزەونترین تاوانەکانی جەنگ دادەندرێت و رایگەیاند "تیمەکانمان لە رێگای جێبەجێکردنی ئەرکەکانیانەوە، ھەوڵدەدەن بەڵگە لەسەر ئەو تاوانانە کۆبکەنەوە کە لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە ئەنجام دراون".
گوتیشی: "پاڵپشتی لەو لێکۆڵینەوانەیش دەکەین کە لەئێستادا دژبە تیرۆریستانی داعش لە ژمارەیەک وڵات ئەنجام دەدەرێن، بۆ نموونە ئەو لێکۆڵینەوانەی کە بەم دواییانە لە ئەڵمانیا ئەنجام دران کە تیایدا تیرۆریستێکی داعش بە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژیی، تاوانبار کرا".
سەرۆکی تیمی نێودەوڵەتیی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش، کریستیان ریچێر ئاشکراشی کرد کە تیمەکانیان بە ھاوکاری لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان کار لەسەر بەدۆکۆمێنتکردنی ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانە دەکەن کە تا ئێستا دۆزراونەتەوە کە ئەوەیش بەشێکە لە کۆکردنەوەی بەڵگەکان لەسەر تاوانەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش.