Barış Seçkin
10 حوزەیران 2022•نوێکردنەوە: 11 حوزەیران 2022
رۆما - AA
چوار تورک کە لە کۆمپانیایەکی تایبەت لە تورکیا کاردەکەن لەناو ئەو هێلیکۆپتەرەدان کە دوێنێ لە ئیتاڵیا دیارنەمابوو.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لە سەرچاوە دیپلۆماسییەکانەوە دەستی کەوتووە، لە کۆی حەوت کەسی ناو ئەو هێلیکۆپتەری کە دوێنێ لە فڕۆکەخانەی کاپانۆری تاسیگانۆ لە شاری لوکا دوای ماوەیەک لە هەڵفڕینی لەسەر رادار دیارنەمابوو، چوار کەسیان هاووڵاتی تورکن کە کاریان لە کۆمپانیایەکی تایبەتی تورکی دەکرد.
ئەوەش زانراوە کە باڵیۆزخانەی تورکیا لە رۆما لە پەیوەندییەکی نزیکدایە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئیتالیا و بەرپرسانی ئەو کۆمپانیایە تورکییە سەبارەت بە دۆخی تورکەکانی ناو کۆپتەرەکە.
هەوڵەکانی گەڕان بەدوای هێلیکۆپتەرەکە كە دەگوترێت لە سنووری ناوچەكانی توسكانی و ئیمیلیا-رۆماگنا ونبووە، بەردەوامە.
کۆی گشتی حەوت سەرنشین لە هێلیکۆپتەرەکەدان کە ئەوانیش فڕۆکەوانێکی ئیتاڵی، چوار تورک و دوو کەسی بەرەگەز لوبنانین.
لە رۆژنامەکاندا بڵاوکرایەوە کە ئەو هێلیکۆپتەرە سەربە کۆمپانیای "رۆتۆ کارت"ە کە بەرهەمی پاکوخاوێنی و پاککردنەوەی ماڵان دەفرۆشێت و خزمەتگوزاری بۆ گواستنەوەی کڕیارەکانی بۆ کارگەکە پێشکەش دەکات.