Haydar Şahin
21 مای,س 2024•نوێکردنەوە: 22 مای,س 2024
تاران - AA
جێگری یەکەمی سەرکۆمار، محەمەد موخبیر کە لە شوێنی ئیبراهیم ڕەئیسی سەرکۆماری کۆچکردووی ئێران بە سەرکۆماری کاتیی وڵاتەکە دەستنیشان کراوە، ٢٨ی حوزەیرانی وەک ڕۆژی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار دیاری کرد.
بەپێی ئاژانسی فەڕمی هەواڵی ئێران IRNA، سەرکۆماری کاتیی ئێران، محەمەد موخبیر لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی وڵاتەکە، محەمەد باقر قالیباف و سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری، غوڵام حوسێن موحسین کۆبووەوە بۆ دیاری کردنی ڕۆژی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار.
لە دوای کۆبوونەوەکە، لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژە بەوە کرا کە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار لە ٢٨ی حوزەیراندا ئەنجام دەدرێت.
ئەو کەسانەی کە خوازیارن خۆیان کاندید بکەن لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆماردا، پێویستە لە ڕۆژانی ٣٠ ئایار بۆ سێی حوزەیران داواکاری پێویست پێشکەش بکەن.
هەروەها کارەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردن لە ١٢ی حوزەیرانەوە بۆ بەرەبەیانی ڕۆژی ٢٧ی حوزەیران بەڕێوەدەچێت.
- هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار لە پاش گیانلەدەستدانی ڕەئیسی لە ئێران
ئەنجوومەنی پارێزەرانی دەستووری ئێران، بە پابەندبوون بە دەستوور و لە پاش ڕەزامەندی ڕێبەری وڵاتەکە، عەلی خامنەیی پۆستی سەرۆکایەتی کۆماری ڕادەستی جێگری یەکەمی سەرکۆمار، محەمەد موخبیر کرد.
بەپێی دەستووری ئێران، پێویستە ئەو دەستەیەی لە سەرۆکی پەرلامان و سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری و جێگری یەکەمی سەرکۆمار پێکدەهێندرێت ڕێوشوێنی پێویست ئەنجامبدات بە ئامانجی هەڵبژاردنی سەرکۆماری نوێ لە ماوەی ٥٠ ڕۆژدا.
لە ئێران ئەو کاندیدانەی خۆیان بۆ سەرۆکایەتی کۆمار تۆمار دەکەن، ئەنجوومەنی پارێزەرانی دەستوور پەسەندیان دەکات و پاشان لەلایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێن.
دوێنێ سەرکۆماری ئێران، ئیبراهیم ڕەئیسی لە سنووری ئێران-ئازەربایجان بەشداری لە کردنەوەی بەنداوێکدا کرد و، لە کاتی گەڕانەوەی لەگەڵ شاندی یاوەریدا کە وەزیری دەرەوە، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لەنێودابوو بەهۆی تێکشکانی هێلیکۆپتەرەکەیانەوە گیانیان لەدەستدا.
لەسەر داوای ئێران، تورکیا فرۆکەی بێفڕۆکەوانی ئاکنجی ڕەوانە کرد بۆ بەشداری کردن لە چالاکییەکانی گەڕان و ڕزگارکردندا و، فڕۆکەکە بە سەرکەوتووی شوێنی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەی دۆزییەوە.