Azad Mohammed Abdullah
23 شوبات 2019•نوێکردنەوە: 24 شوبات 2019
دهۆک - AA
لە ماوەى دوو هەفتەى رابردوو دووجار شاندێکى باڵاى سەرکردایەتى ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) و شاندێکى سەربازىی ئەمریکا لەبارەى تاوتوێکردنى پرسى ناوچەى ئارام و گەڕانەوەى لەشکرى رۆژ بۆ باکوورى سووریا کۆبوونەوە.
بەرپرسى راگەیاندنى ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) خالد عەلى لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "هەرچەند کۆبوونەوەى نێوان شاندى ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سووریا و شاندى سەربازى ئەمریکا داخراو بوو، بەڵام ئەو زانیارییانەى بە ئێمە راگەیەندراوە، ئەوە بووە کە کۆبوونەوەکە لە بارەى تاوتوێکردنى پرسى دروستکردنى ناوچەى ئارام و گەڕانەوەى لەشکرى رۆژ بووە".
خالد عەلى گوتیشى: "چەندین تەوەرى دیکەى هەنووکەیی سووریا لە کۆبوونەوەى نێوان هەردوو شاند هەبووە، یەکێک لە تەوەرەکان وتوێژ لەبارەى لێژنەى نووسینەوەى دەستوور بۆ سووریا بووە لە کۆبوونەوەکاندا".
"بەبێ تورکیا کێشەى سووریا بە گشتى و کورد بە تایبەتى چارەسەر نابێت"
بەرپرسى نوێنەرایەتى ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سووریا(ئەنەکەسە) لە هەرێمى کوردستان، نورى بریمۆ بۆچوونى خۆى لەبارەى کۆبوونەوەکانى شاندى ئەنەکەسە و ئەمریکا بە ئاژانسى ئانادۆڵو گوت و ئاشکراى کرد کە کۆبوونەوەکان لەسەر داواکارى ئەمریکا بووە، لە ئێستادا سێ سیناریۆ لەبەردەم ئایندەى سووریایە لەوانە سیناریۆى یەکەم رادەستکردنى رۆژهەڵاتى فورات بە رژێمى ئەسەد. سیناریۆى دووەم شەڕ و پێکدادانى نێوان چەکدارانى پەیەدە و سەربازانى سووپاى تورکیایە، سیناریۆى سێیەم دروستکردنى ناوچەى ئارامە.
نورى بریمۆ گوتیشى: "شاندى ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سووریا بە ئەمریکاى راگەیاندووە کە پشتگیرى دروستکردنى ناوچەى ئارام دەکەن کە لەلایەن تورکیا و ئەمریکاوە بێت، سیناریۆکانى رژێمى ئەسەد و پەیەدە لەلایەن ئەنەکەسە رەتکراوەتەوە و جێگەى قبووڵکردن نییە، ئەوەى پەیەدە بانگەشەى بۆ دەکات گوایە شەڕ دەکەن دژى تورکیا، یان کۆمەڵێک لێدوانى لە خۆیان گەورەتر دەدەن، بۆچوونى ئێمە ١٨٠ پلە پێچەوانەى پەیەدە و لقەکانیەتى، ئەنەکەسە داوا دەکات بە دیالۆگ و ئاشتیانە سەرجەم کێشەکانى باکوورى سووریا چارەسەر بکرێن، نەک شەڕ و کوشتن و بڕین کە خەڵکى سڤیل لێى زیانمەندن".
ناوبراو دەڵێت "بەبێ بوونى تورکیا، کێشەى کورد، سووریا و پێکهاتەکانى سووریا چارەسەر نابێت، ئێمە تورکیا بە هۆکارى چارەسەرى کێشەکان دەزانین"
بەرپرسى نوێنەرایەتى ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) لە هەرێمى کوردستان دەشڵێت "ئەنەکەسە بە ئەمریکاى راگەیاندووە کە ئامادەیی چارەسەرى سیاسی و دیدارە هاوبەشە، ئەو دیدارە هاوبەشە لە نێوان سەرجەم پێکهاتەکانى سووریا بێت کە کورد، عەرەب و کریستیانەکان لەخۆ بگرێت، لایەنى نێودەوڵەتى بە دیاریکراوى ئەمریکا و تورکیا رۆڵیان هەبێت لەو دیدارە هاوبەشەدا".
نورى بریمۆ باسى لەوەشکرد کە دەڵێین ئەنەکەسە مەبەست لەشکرى رۆژیشە، لە ئێستا لەشکرى رۆژ بە زیاتر لە هەشت هەزار چەکدارى راهێندراوەوە ئامادەى جێگیربوونن لە ناوچەى ئارام، بە روونى ئەمەمان بە ئەمریکا راگەیاندووە.