Ayşe Böcüoğlu Bodur
25 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 26 ئەیلوول 2022
ئەنقەرە - AA
جێنشینی سعوودیە، شازادە محەمەد بن سەلمان لەگەڵ وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا، نورەددین نەباتی کۆبووەوە.
بەپێی زانیاری دەستکەوتوو لە کۆبوونەوەکەی جێنشینی سعوودیە و وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیادا کە لە کۆشکی سەلام لە شاری جیددە بەڕێوەچووە، گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، ئیبراهیم کاڵن ئامادەبووە.
لە کۆبوونەوەکەدا، پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان تورکیا و سعوودیە تاوتوێ کراوە.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان کە لە ماوەی رابردوودا، سەرلەنوێ پەیوەندی گەرمی لەگەڵ سعوودیە دروست کردەوە لە مانگی نیساندا، سەردانی ئەو وڵاتەی کرد و جێنشینی سعوودیەش، محەمەد بن سەلمان لە مانگی حوزەیراندا، سەردانی تورکیای کرد. لە پاش کۆبوونەوەکە کە لە کۆشکی سەرۆکایەتی کۆمار بەڕێوەچوو، بەیاننامەیەکی هاوبەش بڵاوکرایەوە و تیایدا ئاماژە بەوە کرا کە پەیوەندییەکان تاوتوێ کراوە لە کەرتی گشتیی و تایبەتی هەردوو وڵاتدا بە مەبەستی پەرەپێدان و هەمەچەشنکردنی بازرگانیی دووقۆڵی نێوان هەردوو وڵات، ئاسانکاری بۆ بازرگانی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات و تێپەڕاندنی سەختییەکان و گەڕان بەدوای دەرفەتەکانی وەبەرهێناندا.