Ahmet Furkan Mercan
13 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 13 نیسان 2023
سیئۆل/تۆکیۆ – AA
وەزارەتی بەرگریی ژاپۆن رایانگەیاند کە کۆریای باکوور بە ئاراستەی دەریای ژاپۆن (دەریای رۆژهەڵات) مووشەکێکی بالیستیی دوور مەودا یان مەودا مامناوەندی تاقیکردووەتەوە.
پاسەوانیی کەناراوەکانی ژاپۆن لە پەیامێکدا رایگەیاند، رەنگە مووشەکەکە لە ناوچەی هۆککایدۆ لە باکووری ئەو وڵاتە کەوتبێتە خوارەوە.
لە رێگەی سیستەمی ئاگادارکردنەوەی "J-Alert" داوا لە خەڵکی ناوچەکە کراوە لەناو بیناکان یان پەناگەکاندا بمێننەوە و زەنگی ئاگادارکردنەوەش لەسەر شەقامەکان لێدرا.
وەزارەتی بەرگریی ژاپۆن رایگەیاند کە یاداشتێکی ناڕەزایەتیی لە رێگەی باڵیۆزخانەی ژاپۆن لە پەکین-ەوە نێردراوە بۆ کۆریای باکوور.
وەزیری بەرگریی ژاپۆن، هامادا یاسوکازو ئەوەی پشتڕاست کردەوە کە مووشەکەکە کاتژمێر ٠٨:٠٠ بە کاتی ناوخۆ لە کەناراوەکانی پارێزگای هۆککایدۆ لە دەرەوەی ناوچەی ئابووری تایبەتی ژاپۆن کەوتووەتەخوارەوە.
سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن، کیشیدا فومیۆ رایگەیاند، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی لەبارەی تاقیکردنەوە مووشەکییەکە کۆدەکاتەوە و لێکۆڵینەوەی پێویست سەبارەت بە سیستەمی ئاگادارکردنەوەی "J-Alert" ئەنجام دەدات.
خزمەتگوزاریی شەمەندەفەری خێرا لە سەرتاسەری پارێزگای هۆککایدۆ بۆ ماوەیەکی کورت راگیرا.
سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای کۆریای باشوور رایگەیاند، کاتژمێر ٠٧:٢٣ بەکاتی ناوخۆی لە پیۆنگیانگ-ی پایتەختەوە بە ئاراستەی دەریای ژاپۆن مووشەکێکی بالیستیی مامناوەند یان دوور مەودا ئاراستە کراوە.
هاوکات تاقیکردنەوەکە بە "کارێکی ئیستفزازیی جیددی" وەسف کرا و ئاماژە بەوە کرا که (تاقیردنەوە مووشەکییەکە) زیان بە ئاشتی و سەقامگیریی نیمچە دوورگەی کۆریا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەگەیەنێت.
بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و ژاپۆن و کۆریای باشوور لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا جەختیان لەوە کردەوە کە هاوکاریی سێقۆڵی بۆ داماڵینی کۆریای باکوور لە چەکی ئەتۆمی، بەهێزتر دەکەن.