Tuğçenur Akgün
21 کانوونی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 21 کانوونی یەکەم 2022
واشنتۆن – AA
کۆشکی سپی رایگەیاند، ئەمڕۆ سەرۆکی ئوکراینا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی سەردانی ئەمریکا دەکات.
گوتەبێژی رۆژنامەوانیی کۆشکی سپی، کارین جان پیێر لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا کە سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن بە مەبەستی جەختکردنەوە لە بەڵێندانی پشتیوانی هەمیشەیی بە ئۆکراینا، سەرۆکی ئوکراینا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی بانگهێشت کردووە بۆ واشنتۆن.
کارین جان پیێر بە تیشک خستنە سەر ئەوەی کە جۆ بایدن بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی هاتنی ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی دەکات، ئاماژەی بەوە داوە کە سەرۆکی ئوکراینا، بەشداری لە دانیشتنێکی هاوبەشی کۆنگرێسیشدا دەکات کە ئەندامانی دیموکرات و کۆمارییەکان بەشداری لە دانیشتنەکەدا دەکەن.
کارین جان پیێر بیری خستەوە کە ٣٠٠ رۆژ لەمەوبەر رووسیا 'هێرشێکی بێبەزەییانەی' بەرامبەر ئۆکراینا دەست پێ کرد و گوتی: "لە بەرامبەردا سەرۆک بایدن بۆ پشتیوانیکردن لە ئۆکراینییەکان کە بەرگرییان لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی خۆیان کرد، کاراکتەرە نێودەوڵەتییەکانی کۆکردەوە. بایدن بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە ئۆکراینا پاکێجێکی دیکەی هاوکاری ئەمنی بۆ ئەو وڵاتە رادەگەیەنێت".
لە لایەکی دیکەیشەوە گەورە بەرپرسێکی ئەمریکی کە نەیویستووە ناوی خۆی ئاشکرا بکات بە میدیاکارانی راگەیاندووە: "لە میانی سەردانەکەی زێلێنسکیدا، بایدن پاکێجێکی دیکەی هاوکاری ئەمنی بۆ ئۆکراینا رادەگەیەنێت کە بەهاکەی نزیکەی دوو ملیار دۆلارە. ئەم پاکێجە پێداویستییەکانی سیستەمی بەرگریی مووشەکیی "پاتریۆت"یش لەخۆ دەگرێت کە بۆ بەگریکردنی گەلی ئۆکراینا لە خۆی لە بەرامبەر هێرشە دڕندانەییەکانی رووسیا زۆر گرنگە".