Zana Natık Kerem
27 تشرینی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 27 تشرینی دووەم 2023
ھەولێر – AA
فەرماندەیی ناوەندی ھێزەکانی ئەمریکا (CENTCOM) ڕایگەیاند کە گرووپی کەشتی فڕۆکە ھەڵگری ئایزنھاوەر "IKECSG" لە گەرووی ھورمز پەڕیوەتەوە و چووەتە ناو ئاوەکانی کەنداوی عەرەبی.
فەرماندیی ناوەندی ھێزەکانی ئەمریکا لە تویتێکدا ڕایگەیاندووە: "گروپی کەشتی فڕۆکە ھەڵگری ئایزنھاوەر لە ٢٦ ئەم مانگە لە گەرووی ھورمز پەڕیوەتەوە و چووەتە ناو ئاوەکانی کەنداوی عەرەبی".
ڕاشیگەیاندووە: "کەشتی فڕۆکە ھەڵگری ئایزنھاوەر لە کەنداو پڕۆسەی گەڕان ئەنجام دەدات، ئەوەیش بە ئامانجی دەستەبەرکردنی ئاسایش بۆ گەشتکردنی کەشتییە بازرگانییەکان لە رێڕەوی ئاوی نێودەوڵەتی و پاڵپشتی لە پێداویستییەکانی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا لە سەرتاسەری ناوچەکەدا".
ئەوەیش خراوەتەڕوو کە کەشتی کروزەری مووشەکی رێنماییکراو" USS Philippine Sea" و کەشتییەکانی تێکدەری مووشەکی رێنماییکراوی " (USS Gravely (DDG 107 و USS Stethem DDG63"، لەگەڵ کەشتی فڕۆکە ھەڵگری "USS Dwight D. Eisenhower" چوونەتە ناو ئاوەکانی کەنداوی عەرەبی.