Ali Cura
14 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 15 تشرینی دووەم 2021
مینسک – AA
ئەوە راگەیەندرا کە گرووپێک کۆچبەری سەر سنووری بێلاڕووس- پۆڵەندا، توانیویانە بۆ خاکی پۆڵەندا دەربازبن.
چاوەڕوانی کۆچبەرانی خاڵی سنووریی بروزگی لە شاری گرۆندۆی بێلاڕووس، کە زۆربەیان لە عێراقەوە ڤیزەیان وەرگرتووە و ھاتوون بۆ بێلاڕووس و بە مەبەستی دەربازبوون لە بێلاڕووسەوە بۆ پۆڵەندا و لەوێوە بۆ وڵاتانی دیکەی یەکێتی ئەورووپا و ژمارەیەکی زۆر ئافرەت و منداڵیش لە نێویاندایە، سەرەرای سەختیی کەشەوھەوا و سەرماوسۆڵە، بەردەوامە.
بەپێی راگەیەندراوێکی لیژنەی سنووری دەوڵەتی بێلاڕووس، نزیکەی گرووپێکی ١٠٠ کەسیی کۆچبەران لە خاڵی سنووریی بروزگی-کوزنیتساوە بۆ خاکی پۆڵەندا دەربازبوون و لە راگەیەندراوەکەدا ھاتووە: "ئەم کەسانە، لە سەر خاکی پۆڵەندان. لە نزیک تەلبەندەکانی سەر بە پۆڵەندا چاوەڕوانن."
لەلای خۆیەوە، جێگری سەرۆکی لیژنەی سنووری دەوڵەتی بێلاڕووس ئیگۆر بوتکەڤیچ، لە لێدوانێکیدا لەکەمپەکانی سەر سنوور، ئاماژەی بەوە کرد کە زیاتر لە دوو ھەزار ھاووڵاتیی وڵاتانی جیاواز لە ناوچەکەدان و گوتی: "دۆخەکە زۆر قورسە. ئەم کەسانە بەرەو ئاراستەی وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا دەڕۆن. بەڵام لە ئێستادا ئەوێ جێناھێڵن."
بوتکەڤیچ، ئەوەشی راگەیاند کە بۆ دابینکردنی پێداویستیی ئەو کەسانەی کە لە لایەنی بێلارووسدان، ئەوەی پێویست بێت کراوە.
- خێوەتی ھاوکاری لە کەمپەکەدا دامەزرێنرا
لەلایەکی دیکەوە، سەرکۆماری بێلاڕووس، ئالێکساندەر لوکاشینکۆ، رێنمایی بۆ دابەشکردنی ھاوکاریی مرۆیی بەسەر گرووپی کۆچبەرەکانی سەر سنوور و رێکخستنی ناوچەکەی دەرکرد.
دوابەدوای ئەم رێنماییانە، سوپای بێلاڕووس لە بەیانیەوە، خێوەتیان بۆ کۆکردنەوەی سەرجەم ھاوکارییەکان درووستکرد.
جگە لەوە ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکانیان دەتوانن لە رێگەی ئەو نووسینگەی ھاوکارییانەی کە لە کەمپەکەدا کراونەتەوە پەیوەندی بە بەرپرسەکانەوە بکەن.