Murat Karadağ
04 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 04 نیسان 2023
نەتەوە یەکگرتووەکان - AA
بەڕێوبەری کارگێڕیی سندوقی هاوکاری منداڵانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیسێف)، کاترین راسێڵ ئەوەی ئاشکرا کرد کە لە دەستپێکی جەنگی رووسیا-ئۆکرایناوە تا ئێستا زیاتر لە ٥٠٠ منداڵ گیانیان لەدەستداوە.
کاترین راسێڵ لەو بارەیەوە راگەیەندراوێکی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردووەتەوە و تیایدا هاتووە: "خێزان و منداڵانی ئۆکراینا بە دەروازەیەکی دیکەی تراجیاییدا تێپەڕین. لە شوباتی ٢٠٢٢ەوە کە جەنگ دەستی پێ کردووە تا ئێستا لانیکەم ٥٠١ منداڵ کوژراون".
بەڕێوبەری کارگێڕیی سندوقی هاوکاری منداڵانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیسێف) باسی لەوەش کردووە کە رەنگە ژمارەکان زۆر لەوە زیاتربن کە لەلایەن یونیسێفەوە پشتڕاست کراوەتەوە، ئەوەشی خستووەتەڕوو کە لە جەنگەکەدا لانیکەم هەزار منداڵیش بریندار بوون.
کاترین راسێڵ نووسیویەتی: "لەپشت هەر ژمارەیەکەوە خێزانێکی بۆ هەمیشە غەمبار و دڵشکاو هەیە. ئەمەش شتێکی دڵتەزێنە لە کۆتاییدا خێزان و منداڵان پێویستییان بە ئارامی هەیە و ئەمەش لە ئایندەیەکی نزیکدا نایەتە ئاراوە".