Dlshad Saifaalddin Ahmed
30 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 01 کانوونی دووەم 2018
سلێمانی ـ AA
سەرۆکی شارەوانی سلێمانی، یوسف یاسین لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا ئاماری کار و چالاکییەکانی فەرمانگەکەی لە ماوەی ساڵی ٢٠١٧ دا خستەڕوو.
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا سەرۆکی شارەوانی سلێمانی ئاماژەی کرد بەوەی لە ماوەی ئەمساڵدا سەرەڕای بەردەوامی قەیرانی دارایی، بەڵام بە بەراورد بە چەند ساڵی رابردوو چەندین پڕۆژەیان ئەنجامداوە، بە جۆرێک لەماوەی ئەمساڵدا ٤٩٨ ملیۆن دینار وەک بوودجەی ئاسایی شارەوانی خەرج کراوە و ٢٢ پڕۆژەی بچووکی پێ ئەنجامدراوە، ھەروەھا لەسەر بوودجەی فرۆشتنی زەویش ١١ پڕۆژە خراوەتە واری جێبەجێکردنەوە بە بوودجەی دوو ملیار و ٦٣٦ ملیۆن دینار بوو، لەسەر پشکی ٢٠ لەسەدی داھاتیش بڕی ١٠ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار بەر شارەوانی کەوتووە و چەند پڕۆژەیەکی تر لەسەر ئەو بوودجەیەش ئەنجام دراون، لەلایەکی ترەوە لەلایەن حکوومەتی ھەرێمەەوە ھەشت پڕۆژە خراونەتە واری جێبەجێکردنەوە و زۆربەی ئەو پڕۆژانەش ئەنجامدراون.
یوسف یاسین گوتی: "بۆ کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک، شاری سلێمانی کراوە بەچوار زۆنەوە کە بەشێکی لە لایەن شارەوانی و چوار بەشی تری لەڕێگەی چوار کۆمپانیاوە ئەوکارە جێبەجێدەکرێت، ساڵانەش ٣٧٠ ھەزار تۆن خۆڵ و خاشاک لە ناو شارەکەدا کۆدەکرێتەوە، بوودجەی ئەو پاکردنەوەیەش ساڵانە ١٧ ملیار دینار و ٥٠٠ ملیۆن دینارە".
لە بارەی رووبەری سەوزایی لە شارەکەدا، سەرۆکی شارەوانی سلێمانی ئاماژەی کرد بەوەی ٥٣٦ باخچە لەناو شارەکەدا ھەیە لەگەڵ حەوت پارکی گەورە، ئەرکی خزمەتکردنی ئەو باخچە و پارکانەش کەوتووەتە ئەستۆی شارەوانی، بۆ ئەمساڵیش سەرباری قەیران و گرفتەکان، بەڵام توانیویانە حەوت باخ لەشاری سلێمانی دروست بکرێت، کۆی خەرجیەکانیشیان لە ٢٠١٧دا بریتی بووە لە٤٢ ملیارو ١٩٩ ملیۆن دینار، لە بەرامبەردا داھاتیشیان لەو ساڵەدا بریتی بووە لە ١٠ ملیارو ٥٠٠ ملیۆن دینار.
یوسف یاسین لە میانی خستنەڕووی ئاماری کار و چالاکییەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەی، باسی لەوەش کرد کە بۆ ساڵی داھاتوو پڕۆژەیەکی گرنگ لە شارەکەدا ئەنجام دەدرێت کە پارکی بۆنەکانە لە بناری چیای گۆیژە کە زیاتر لە ١٠٠ ھەزار کەس لەخۆ دەگرێت و سەرجەم بۆنە حزبی و حکوومیەکان دەبرێتە ئەو پارکە.
سەرۆکی شارەوانی سلێمانی، یوسف یاسین ئاماژەی بەوەشکرد پلانیان ھەیە کە لە ناوەڕاستی ساڵی داھاتوو بۆ کەمکردنەوەی رێژەی بێکاری لە سلێمانی، لە بوودجەی فرۆشتنی زەوی ھەزار تا دوو ھەزار گەنج بخەنە سەر کار بەشێوەیەکی کاتی بۆ خزمەتکردنی باخچە و سەوزاییەکانی شارەکە.