Sarmand Hameed ,Rewa Mahmood Hasan
26 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 29 تەمووز 2020
هەولێر - AA
بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، لە چواچێوەی جێبەجێکردنی بەرنامەی سیاسیی بزووتنەوەی گۆڕاندا بەردەوام دەبن لە خزمەتکردنی خەڵک و، بەهەندوەرگرتنی خواست و داواکارییەکانی هاوڵاتیان و گۆڕانخوازان بۆ سەرخستنی خەباتی مەدەنی و بەدیهێنانی خواستە رەواکانی هاونیشتمانیان.
بزووتنەوەی گۆڕان بەبۆنەی ١١هەمین ساڵیادی دامەزراندنی بزووتنەوەکە و بەشدارییکردنی لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، ئەمڕۆ، ٢٥ی٧ی٢٠٢٠، ١١ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر سەرکەوتنی لیستی بزووتنەوەی گۆڕان، لە هەڵبژاردنی خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە "ئەم رۆژە لای خەڵکی ئازادیخواز و هاونیشتمانیان، ساتەوەختێکی پڕشنگدارە لە سەرکەوتنی خەباتی مەدەنی و دوورخستنەوەی چەک لە کێبڕکێی سیاسیی، لەبەرامبەریشدا یادکردنەوەی سەرکەوتنی هەموو ئەو دەنگ و خواستە جەماوەرییەی خەڵکی کوردستانە کە لەرێی بزووتنەوەی گۆڕانەوە گوزارشتی لەخۆی کرد".
ئەوەش هاتووە کە "بزووتنەوەی گۆڕان وەک رێکخراوێکی سیاسیی خاوەن بەرنامەیەکی گشتگیری نیشتمانی و نەتەوەیی، سەنگەرێکی پتەوی بەرگریکردن بووە لە داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان، بەگژداچوونەوەی گەندەڵی، سەروەری یاسا، بەشداریپێکردنی زیاتری هاووڵاتییان لە کایەی گشتی و هەوڵدان بۆ پەیڕەوکردنی چاکسازی گشگیر".
لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا هاتووە "لەم رۆژەدا، سەرەڕای جەختکردنەوە لە کاراکردنی رۆڵی پەرلەمان کە بەداخەوە لەئێستادا ئەو رۆڵە فەرامۆشکراوە، بەپێویستیشی دەزانین سوپاسی هەموو ئەو خەڵکە دڵسۆزانە بکەین کە لە قۆناغە جیاوازەکانی خەباتی سیاسیی بزووتنەوەی گۆڕاندا بەشدار و پشتیوان و هاوسۆز و دەنگدەرمان بوون".
لە کۆتایی راگەیەنراوەکەدا هاتووە "بەڵێن دەدەین لە چواچێوەی جێبەجێکردنی بەرنامەی سیاسیی بزووتنەوەی گۆڕاندا بەردەوام دەبین لە خزمەتکردنی خەڵک و، بەهەندوەرگرتنی خواست و داواکارییەکانی هاووڵاتییان و گۆڕانخوازان بۆ سەرخستنی خەباتی مەدەنی و بەدیهێنانی خواستە رەواکانی هاونیشتمانیان".