Hawkar Yaseen
25 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 26 تەمووز 2020
هەولێر - AA
لەسەر شەقامی ٦٠ مەتری لە هەولێر لە نزیک پەرلەمانی کوردستان، ئۆتۆمبێلێکی جۆری Lexus ئاگری گرت و بەشی دواوەی ئۆتۆمبێلەکە سووتا.
گوتەبێژی بەرگریی شارستانی هەولێر، سەرکەوت کاڕەش بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند "ئۆتۆمبێلەکە لە جۆری Lexus قەمەرە ژمارە ئەورووپییە، هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە شۆتی کارەبایی بووە لە فیولپەمپەکەیدا، بەهۆیەوە بەشی دواوەی ئۆتۆمبێلەکە سووتاوە بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لە رووداوەکەدا نەبووە".
سەرکەوت کاڕەش راشیگەیاند "لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، ١٠٠ ئوتومبێل بە هۆکاری جیاواز لە ناو شاری هەولێر و دەورووبەری ئاگریان گرتووە و سووتاون".
بەگوتەی وتەبێژی بەرگریی شارستانی هەولێر "هۆکاری سەرەکی ئاگرکەوتنەوەکان لە ئۆتۆمبێلەکاندا، خراپی جۆری بەنزین و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و خراپی جۆری فیولپەمپ و دەستکاریکردنی کارەبایی ئۆتۆمبێلەکان و دەستکاریکردنی فیوز و گۆڕینی لایت بەجۆری زینۆنە کە لە ئەنجامدا شۆتی کارەبایی دروست دەبێت و رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە ئۆتۆمبێلەکاندا دروست دەبێت".