Heman Hussein Yaseen
28 ئاب 2019•نوێکردنەوە: 29 ئاب 2019
هەولێر - AA
سەعدی پیرە رایدەگەیەنێت کە گفتوگۆ کراوە لەبارەی کردنەوەی نوێنەرایەتی حزبەکەیان لە ئەنقەرە و ئاشکرایشی دەکات کە گفتوگۆکان بەردەوامن و دەوڵەتی تورکیاش هیچ تێبینییەکی لەسەر نوێنەرەکەی پێشووتری یەکێتیی نیە و ئاماژە بە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و حزبەکەیشی دەکات.
ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەعدی پیرە لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری تورکیا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "هەرێم و تورکیا دراوسێی یەکترین و بەشێکی سنووری کۆماری تورکیا لەگەڵ هەرێمی کوردستانە و پەیوەندییەکانمان ئاساییە و ئەگەر پەیوەندییەکانمان خراپ بێت واتا لە جوگرافیا تێنەگەیشتووین، بۆیە دەبێت هەوڵی ئەوە بدەین رێز لە ئیرادەی یەکتر بگرین و دەست لەکاروباری ناوخۆی یەکتر وەرنەدەین، مەترسی لەسەر بەرژەوەندی یەکتر دروست نەکەین".
لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و یەکێتیی نیشتمانی کوردستانیش، سەعدی پیرە گوتی: "پەیوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ کۆماری تورکیا بەقۆناغێکی سەخت و دژواردا تێپەڕی، بەشێکی زۆری ئەو پەیوەندییانەی ئێمە، قوربانی هەندێک راپۆڕتی چەواشەکاری بووە لەلایەن نەیارەکانی یەکێتییەوە بۆ تورکیا. یەکێتیی نیشتمانی رێز لە سنوورەکان، یاسا نێودەوڵەتییەکان دەگرێت، لە قۆناغ و وێستگەی جیاجیا بەتایبەت لە راپەڕینەکەی ساڵی ١٩٩١ و پێشوازیکردن هاتنی کۆمەک و یارمەتییە مرۆییەکان لە رێگای ئیبراهیم خەلیل و بنکەی ئەنچەرلیک و هەموو ئەوانە لەلایەن ئێمەوە بەچاوی رێزەوە سەیر دەکرێن".
لەبارەی کردنەوەی نوێنەرایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنقەرە، سەعدی پیرە گوتی: "بۆ ئەم بابەتە لە گفتوگۆداین و هیچ رێگرییەکەی ئەوتۆ نەماوە، هاوکات تورکیاش تێبینیی لەسەر نوێنەری پێشووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نییە و پێموایە ئەم بابەتە بە زووی چارەسەر دەبێت".
سەبارەت بەوەی کە حکوومەتی ھەرێم بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە کە زۆر ناوچە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستان لە لایەن پەکەکەوە داگیرکراوە و، ئەم داگیرکردنەش بووەتە رێگر لەبەردەم خزمەتگوزارییەکان لەم ناوچانەدا، سەعدی پیرە گوتی: "پێمان وایە لەگەڵ تورکیا دەبێت گفتوگۆ بکەین، لە رووی نیشتمانیی و نەتەوەییەوە بۆمان گرنگە کە کێشەی کورد بە ئاشتیانە چارەسەر بێت، هەرچەند جارەی باسی ئەوە بابەتەش دەکەین هاوکات باسی کەمکردنەوەی سەرئێشەی نێوان خۆمان و تورکیاش دەکەین، ئاسایش و سەقامگیری بە شەڕ دروست نابێت بەڵکو دەبێت بە لێکتێگەیشتن و ئاشتیانە گفتوگۆ بکرێت".