Heman Hussein Yaseen
27 ئاب 2019•نوێکردنەوە: 28 ئاب 2019
هەولێر - AA
وەزیری ناوخۆ لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، رێبەر ئەحمەد لە گوتارێکیدا لە میانی رێوڕەسمی کۆتایی ھاتنی خولێکی مەشق و راھێنانی پێشمەرگەی زێرەڤانی تیشکی خستە سەر رۆڵی پێشمەرگە لە سەقامگیری ھەرێمی کوردستان.
رێبەر ئەحمەد لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا دوای کۆتایی هاتنی رێوڕەسمەکە ئاماژەی بە هاتنی شاندێکی باڵای حکوومەتی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان کرد و گوتی:
"رۆژی چوارشەممە شاندێکی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە سەرۆکایەتیی وەزیری ناوخۆ، یاسین یاسری دێتە هەولێر، باس لە کێشەکانی ھەولێر و بەغدا دەکەین. ھەر کاتێکش ئەوان ئامادەبن ئێمە سەردانی بەغدا دەکەین و لەبارەی کێشەکانەوە گفتوگۆ دەکەین".
وەزیری ناوخۆ لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان راشیگەیاند کە شاندەکە تایبەتە بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق و تایبەت دەبێت بە گفتوگۆ لە نێوان ھەردوو وەزارەت و گوتی:
"بڕیارە لە کۆبوونەوەکاندا باس لە کۆی ئەو کێشانە بکەین کە لە نێوان ھەولێر و بەغدا ھەن".
رێبەر ئەحمەد لەبارەی ئەو لیژنانەی کە دروستکراون بۆ ئەوەی سەردانی بەغدا بکەن گوتی: "لیژنەکانمان دروستکردووە لەبارەی دۆسیەی ئەمنی و سەربازی و ماددەی ١٤٠ و جێبەجێکردنی، ھەروەھا لیژنەی گفتوگۆ لەبارەی قەرزی نەوت و گاز و کۆمەڵێک بابەتی دیکەی پەیوەست بە نەوت و گازەوە".
هاوکات بەڕێوەبەری راگەیاندنی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نورەدین سەعید وەیسی رایگەیاند کە بڕیارە شاندەکەی حکوومەتی عێراق لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کۆببێتەوە و بەپێی زانیارییەکان شاندەکەی حکوومەتی عێراق ماوەی دوو رۆژ لە هەولێر دەمێننەوە.