Heman Husseın Yaseen
15 کانوونی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 17 کانوونی دووەم 2020
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی پێشوازی لە جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر، محەمەد بن عەبدولرەحمان ئال سانی کرد.
ماڵپەڕی فەرمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، لە دیدارەکەدا کە جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم، قوباد تاڵەبانی ئامادەیبوو، باردودۆخی عێراق و ناوچەکە تاوتوتوێ کرا و جەخت لە سەر ئارامکردنەوەی دۆخی عێراق و نەهێشتنی گرژی لە ناوچە کرایەوە.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە دەیەوێ گرنگی بە هەموو کەرتەکان بدات و ئابووری هەرێمی کوردستان هەمەچەشن بکات، هەروەها لە رێگەی ئاسانکاری پێویستەوە، پەرە بە وەبەرهێنانی ناوخۆ و دەرەکی بدات.
لە لای خۆیەوە جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر، ستایشی سەقامگیریی ئاسایش و گەشەسەندنی هەرێمی کوردستان کرد و ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا بەتایبەتی لە بواری بازرگانی دەبڕی، لەمبارەیەوە گوتی "دەرفەتێکی باش هەیە بۆ پەرەپێدانی وەبەرهێنان و هاتنی وەبەرهێنەرە قەتەرییەکان بۆ هەرێمی کوردستان".
محەمەد بن عەبدولرەحمان ئال سانی بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە بە سەردانێک گەیشتە عێراق و دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا، ئێوارەی هەمان رۆژ گەیشتە هەولێر.