Heman Hussein Yaseen
13 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 13 ئادار 2022
هەولێر - AA
وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان بەتوندی ئیدانە ھێرشە مووشەکییەکەی شەوی رابردووی سەر ھەولێر دەکات و رایدەگەیەنێت کە ئەم ھێرشە جگە لەوەی ئامانجێکی سیاسیی هەیە، هاوکات کردەیەکی تیرۆریستیشە.
وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان ئایدن مەعروف لەبارەی ھێرشەکەی شەوی رابردووی سەر ھەولێر، پەیامێکی بڵاوکردەوە و تاییدا ھاتووە: "بەتوندی ئیدانەی ئەو ھێرشە مووشەکیە دەکەین کە شەوی رابردوو کرایە سەر ھەولێر. ئەوە ھێرشێکی تیرۆریستییە. ئەم ھێرشە جگە لەوەی ھێرشێکی تیرۆریستییە، ئامانجێکی سیاسیشی ھەیە".
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، ئایدن مەعروف دووپاتی کردووەتەوە کە دووبارەکردنەوەی ئەم ھێرشانە بەئامانجگرتنی سەقامگیری سیاسییە لە ھەرێمدا و تیاییدا ھاتووە: "ئامانج لە دووبارەبوونەوەی ئەو ھێرشانە، بە ئامانجگرتنی سەقامگیری سیاسییە لە ھەرێمدا، سەقامگیری ھەولێر ھەم بۆ عێراق ھەمیش بۆ ھەرێمەکە زۆر گرنگە. ھەروەھا شیفای بەپەلە بۆ بریندارانی ھێرشەکە دەخوازین".
ئەم پەیامەی وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان ئایدن مەعروف دوای ئەوە دێت کە، شەوی رابردوو چەند مووشەکێک ئاراستەی ھەولێر کران و دواتریش بەپێی راگەیاندراوێکی دەزگای دژە تیرۆری ھەرێمی کوردستان بڵاوکراوە کە، ١٢ مووشەکی بالیستیکی لە دەرەوەی سنوورەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان ئاراستەی شاری ھەولێر کراون و جگە لە زیانی ماددی، زیانی گیانی لێ نەکەووتووەتەوە.