Heman Husseın Yaseen
24 کانوونی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 25 کانوونی دووەم 2020
هەولێر - AA
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، ئایدن مەعروف لە دیمانەیەکی ئاژانسی ئانادۆڵو باس لە هۆکارەکانی نەگەڕانەوەی ئێزدییەکان بۆ شنگال و ئاوەدانکردنەوەی تەلەعفەر و ناوچەکانی دەشتی نەینەوا کە لە داعش رزگارکراون دەکات، هەروەها ئاماژەیش بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و تورکیا دەدات.
ئایدن مەعروف ئاماژەی بە ئێزدییەکان کرد وەک ستەملێکراوترین پێکهاتەی عێراق و گوتی: "ئێزدییەکان مەزڵوومترین پێکهاتەنە لە عێراق، لەماوەکانی رابردوودا زوڵمێکی گەورە لەو پێکهاتەیە کراوە، ئێمە لەمیانی سەردان و دیدارەکانماندا لەگەڵ ئێزدییەکان، گەیشتین بەو خاڵەی کە خواستەکانیان ئەوەیە؛ کەمپەکان بەجێبهێڵن و بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان، ئەمەیان بە پلەی یەکەم حکوومەتی عێراقی لێی بەرپرسە کە پشتیوانی لە داواکارییەکەی ئێزدییەکان بکات، ئێمەیش هەوڵ دەدەین لە داهاتوودا زیاتر سەردانیان بکەین و کۆنفڕانسێکی تایبەت بە پێکهاتەکان لە دهۆک ئەنجام بدەین کە بە تایبەت ئەم بابەتە دەخەینەڕوو بۆ ئەوەی حکوومەتی عێراق و رێکخراوە بیانییەکانیش هەوڵی جێبەجێکردنی بدەن".
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان تیشکی خستە سەر چەند هۆکارێک کە بوونەتە بەربەست لەبەردەم گەڕانەوەی ئێزدییەکان بۆ شنگال و گوتی: "هاووڵاتییان ناتوانن بگەڕێنەوە ناوچەکانیان کە ئەمەش چەند هۆکارێکی هەیە کە بوونەتە گرفت بۆ هاووڵاتییان، بەتایبەت لە رووی سیاسیی و ئەمنییەوە رێگری لە گەڕانەوەی هاووڵاتییان دەکرێت بەهۆی بوونی هەندێک هێزی چەکدار لە دەرەوەی یاسا لە شنگال، تەلەعفەر و ناوچەکانی دەشتی نەینەوا".
ئایدن مەعروف گوتیشی: "ئەو دۆسیەیەی کە پێماندراوە کاری لەسەر دەکەین کە ئەو پێکهاتانە بەزووترین کات بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان، نوێنەرایەتی خۆیان هەبێت لە پەرلەمان و حکوومەتدا کە لە داهاتوودا زیاتر بەشێوەیەکی کارا کاری لەسەر دەکەین، جگە لەوەیش لە هەرێمی کوردستان دوو پێکهاتەی بنەڕەتی هەیە کە تورکمان و کلد و ئاشووری-ن و شانبەشاندی کورد بەشدارن لە کایەی سیاسیی هەرێمی کوردستان و لە دەرەوەی ئەمەیش پێکهاتەی ئایینزاکان هەیە کە وەکو ئایین کاروچالاکییان هەیە و ئەمانەیش کەشێکی ئازادیان بۆ فەراهەمکراوە".
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، ئایدن مەعروف لەبارەی کاری داهاتوویان گوتی: "کاری داهاتوومان لەسەر ئەوە دەبێت کە بە پاڵپشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و حکوومەتی هەرێم، پێکهاتەکان بگەڕێنەوە ناوچەکانیان و هەوڵەکانیشمان لەمبارەیەوە بەردەوامن، هەروەها لەم ماوەیەشدا لەمیانی کۆبوونەوەکانماندا جەختمان لەوە کردووەتەوە کە دەبێت پێکهاتەکان بەشێوەیەکی راستەوخۆ بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان و بەربەستە ئەمنیی و سیاسییەکان نەمێنن".
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، ئایدن مەعروف باسی لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری تورکیا کرد بە تایبەت دوای سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە ٢٨/١١/٢٠١٩ بۆ تورکیا و کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و گوتی:
"پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا دۆستانەیە و لەگەڵ ئەوەداین کە باش بێت و بەرەو باشتریش بڕوات، بێگومان تورکیا بۆ هەرێم گرنگە، تورکیا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رۆڵێکی گرنگی هەیە، هەروەها هەرێمی کوردستانیش بۆ تورکیا گرنگە و لە رابردووشدا ئەو پەیوەندییە هەبووە و ئێستاش بەرەو باشتر دەچێت، دوای سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا، پەیوەندییەکان بەرەو باشتر دەچن، من وایدەبینم کە لە ئاستێکی باشدایە".
ئایدن مەعروف لەماوەی رابردوودا وەک پەرلەمانتار لە پڕۆسەی سیاسیی بەشداربوو و لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا پۆستی وەزیری هەرێمی بۆ کاروباری پێکهاتەکان-ی پێدرا و لەنێوان جیاوازی لە ئەرک و بەرپرسیاریەتییدا گوتی: "هەردوولا ئەرکەکەی قورسە، پەرلەمان کاری یاسادانان بوو، ئەوەی ئێستا زیاتر جێبەجێکردنە و گرنگ ئەوەیە بتوانین خزمەت بکەین و ببین بە هۆکارێک بۆ سەقامگیریی ناوچەکە و خۆشگوزەرانیی خەڵک".