Zana Natık Kerem
05 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 05 کانوونی یەکەم 2020
ھەولێر ــ AA
ئەمڕۆ شەممە، دانیشتنی ژمارە ٢٤ی ئاسایی وەرزی یەکەمی یاسادانان بۆ ساڵی سێیەم لە خولی چوارەمی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە وەرزی نوێی یاسادانان بەڕێوەدەچێت کە لە میانیدا دەنگ لەسەر ژمارەیەک پڕۆژەیاسا دەدەرێت و خوێندنەوەی یەکەم و دووەمیش بۆ ژمارەیەک پڕۆژەیاسای دیکە دەکرێت.
نووسینگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا کارنامەی دانیشتنەکەی ئەمڕۆ شەممە ئەنجوومەنی نوێنەران بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە کە لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆدا، دەنگ لەسەر ژمارەیەک پرۆژەیاسا دەدەرێت لەوانە پڕۆژەیاسای کۆچبەران، پڕۆژەیاسای بە ئەندامبوونی عێراق لە رێککەوتننامەی سنوور بەرپرسیارێتیی دەریایی بۆ ساڵی ١٩٧٦ لە رەشنووسی ھەموارکراوی برۆتۆکۆلی ساڵی ١٩٩٦، ھەروەھا پڕۆژەیاسای بە ئەندامبوونی کۆماری عێراق لە پرۆتۆکۆڵی ٢٠٠٥ی ھەموارکراو لە رێککەوتنی رووبەڕووبوونەوەی کردارە نایاساییەکانی دژبە سەڵامەتی دەریاوانیی بۆ ساڵی ١٩٨٨، لەگەڵ پرۆژەیاسای بە ئەندامبوونی کۆماری عێراق لە رێککەوتننامەی نێودەوڵەتی سەبارەت بە بەرپرسیاریەتی شارستانیی لە زیانەکانی پیسبوونی رۆن بۆ ساڵی ١٩٩٢.
لە راگەیەنراوەکە ئاماژە بەوەیشدراوە کە ھەر لە میانی دانیشتنەکەی ئەمڕۆ، خوێندنەوەی یەکەم بۆ ژمارەیەک پڕۆژەیاسا دەکرێت لەوانە پڕۆژیاسای پارەدارکردنی خەرجییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران لەگەڵ پڕۆژەیاسای بە ئەندامبوونی کۆماری عێراق لە رێککەوتنامەی نێودەوڵەتی پەیوەست بە دەستوەردانی باڵای دەریایی لەو روودانەی کە دەبنە ھۆی پیسبوونی رۆن بۆ ساڵی ١٦٩، ھەروەھا پڕۆژەیاسای گواستنەوەی ئاسمانیی نێوان عێراق و ئیمارات.
لە راگەیەنراوەکەدا باس لەوەشکراوە کە ھەر لە میانی دانیشتنەکەدا، خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای ھەمواری سێیەمی یاسای ئاودێری دەکرێت.