Haydar Karaalp
19 ئاب 2024•نوێکردنەوە: 21 ئاب 2024
بەغدا - AA
سەعاتسازی عێراقی، سەید محەمەد ئەعرەجی ٥٤ ساڵە لە بەغدای پایتەختی عێراق، کاتەکانی ژیانی بە دیاری کردنی کاتی کەسانی دیکە بەسەر دەبات.
سەید محەمەد ئەعرەجی تەمەن ٧١ ساڵ لە دووکانە بچووکەکەیدا کە ھاوشێوەی مۆزەخانەیەکە لە ناوچەی مەیدان کە یەکێکە لە گۆڕەپانە مێژووییەکانی بەغدا، سەعاتی شکاوی دەست، سەرمێز و دیوار چاک دەکاتەوە.
لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، ئەعرەجی وەڵامی چەند پرسیارێکی دایەوە سەبارەت بە پیشەکەی کە ٥٤ ساڵە لەسەری بەردەوامە.
ئەعرەجی ڕایگەیاند: "لە تەمەنی ١٥ ساڵییەوە دەستم بەم پیشەیە کردووە کە لە خاڵەکانمەوە فێربووم. خاڵەکانیشم لە باپیرمەوە فێربوون. ئێستا تاکە سەعات سازی خێزانەکە من ماوم. ٧١ ساڵ تەمەنمە و وابزانم تاکە سەعات سازی ئێرە و کۆنترین سەعات سازم. لە ڕێگەی ئەم پیشەیەوە بژێوی ژیانی خێزانەکەم دابین دەکەم. کچێکم ھەیە، ویستم فێری پیشەکەی بکەم، بەڵام لەبەرئەوەی پیشەیەکە سەرقاڵیی زۆرە نەیویست فێر ببێت".
سەعات ساز سەید محەمەد ئەعرەجی باسی لەوە کرد کە بەھۆی بەرزی پلەکانی گەرما لە مانگەکانی ھاویندا لە بەغدا ناتوانێت لە ناو دووکانەکەیدا کار بکات، لەبەرئەوە سەعاتە شکاوەکان دەباتەوە بۆ ماڵەوە و لەوێ چاکییان دەکاتەوە.
ئەعرەجی باسی لەوەیش کرد کە تەنھا سەعاتی دەستی چاک ناکاتەوە، بەڵکو سەعاتی دیوار و سەرمێزیش چاکدەکاتەوە، ئەوەیشی خستەڕوو کە دروستبوونی سەعاتی زیرەکی دەستی لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆجیادا کاریگەریی لەسەر پیشەکەی دروست کردووە.
گوتیشی: "ھەندێک لە موشتەرییەکان دەیانەوێت ئەو سەعاتانەی وەک یادەوەری لە باو و باپیریان ماوەتەوە چاک بکەنەوە. ئەوانە چاک دەکەمەوە ئەگەر ماندووکەریش بن، ئەو سەعاتانە ئەو کەسانە دڵخۆش دەکات. ئەم جۆرە موشتەریانە ئەگەر کرێی چاککردنەوەکەش زۆر بێت دەیدەن. ماندووشبم پێویستە ئەو ئەمانەتەی موشتەری پێیسپاردووم چاک بکەم و ڕادەستی بکەمەوە".