Ahmad Delimi
04 مای,س 2023•نوێکردنەوە: 04 مای,س 2023
ھەولێر – AA
شەقامی موتەنەبی لە بەغدا پایتەختی عێراق کە مێژووەکەی بۆ سییەکانی سەدەی رابردوو دەگەڕێتەوە و بە کتێب فرۆشتن بەناوبانگە، دوای نۆژەنکردنەوەی گۆڕاوە بۆ ناوەندێکی رۆشنبیریی گەشەسەندوو کە رۆژانە سەردانکەرێکی زۆر بۆ لای خۆی کێش دەکات.
شەقامی موتەنەبی ئایکۆنە رۆشنبیرییەکەی بەغدایە لە ساڵی ١٩٣٢لەسەردەمی فەرمانڕەوایی شا فەیسەلی یەکەم بە ناوی شاعیری بەناوبانگی عەرەب "ئەبو تەییب موتەنەبی" دروست کراوە.
ئەبو تەییب موتەنەبی لە ساڵی ٩١٥ زایینی لە سەردەمی دەوڵەتی عەباسیی لەدایک بوو و لە ساڵی ٩٦٥ی زایینی کۆچی دوایی کرد.
لە کاتژمێرەکانی بەیانییەوە تا درەنگانی شەو بەتایبەتی رۆژانی ھەینی و پشووی فەرمییەکان، کەسانێکی زۆر روو لە شەقامەکە دەکەن، بە تایبەتی شاعیران، ئەدیبان، نووسەران، ھونەرمەندان، خوێندکاران، ھەروەھا گەشتیارە بیانییەکان کە لە میانیدا چێژ لە چالاکییە رۆشنبیری و ھونەرییەکان وەردەگرن.
پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو گەشتێکی بەناو شەقامی موتەنەبی-دا کرد و لە میانیدا چاودێری کارەکانی نۆژەنکردنەوە و فراوانکردنی شەقامە کرد کە باڵکۆنەکانی بە گڵۆپ رازێنراونەتەوە، ھەروەھا کەسانێکی زۆر لە پارێزگاکانی دیکەوە سەردانی دەکەن.
ژمارەیەکی زۆری کتێب بە ناونیشانی جیاجیاوە لە بواری ئەدەب، سیاسەت و کۆمەڵایەتیی لە شەقامی موتەنەبی کە لەلایەن کتێبخانە کۆن و نوێیەکانەوە بە درێژایی ھەردوو بەری شەقامەکە نمایش کراون، بەرچاو دەکەون.
- شەقامی موتەنەبی بووەتە هەناسەدەرێک بۆ خێزانەکان
خوێندکاری زانکۆ، حەوا عەواد شممەری (٢٣ ساڵ) بۆ ئاژانسی ئانادۆڵوی باسی لەوە کرد کە بە بەردەوامی رۆژانی ھەینی، سەردانی شەقامی موتەنەبی دەکات و رایگەیاند کە رەوشی ئەمنی شەقامی موتەنەبی باشتربووە، ھەروەھا ژمارەی کتیبفرۆشەکان لە شەقامەکە زیادی کردووە کە ئەوەیش وای کردووە، شەقامی موتەنەبی ببێت بە هەناسەدەرێک بۆ خێزانە بەغدادییەکان.
گوتیشی: "شەقامی موتەنەبی شوێنێکی ئارامە کە کتێبی زانکۆیی و کتێبی دیکەی تیایدا دەکڕم، ھەروەھا شتی دێرینی تیایدا بەدی دەکەین کە رەسەنایەتی عێراقمان بیردەخاتەوە، ئەمەیش وامان لێدەکات ھەست بە دڵخۆشی بکەین، بەردەوام پێم خۆشە سەردانی شەقامەکە بکەم و بەردەوام ئاواتمان ئەوە بووە کە بەم شێوەیە بیبینم، سوپاس بۆ خوا ئەمڕۆ دەبێنیین، شەقامی موتەنەبی زۆر پێشکەوتووە".
گەشتیارێکی ئوردنی بەناوی عامر محەمەد فوئاد (٣٣ ساڵ) بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە یەکەم سەردانمدا بۆ عێراق، ھاتوومەتە شەقامی موتەنەبی بۆ ئەوەی لە نزیکەوە پێی ئاشنا بم و یادگایەکی زیندووم لەبارەی مێژووییەکەیەوە ھەبێت، بەردەوام گوێم لەوە بووە کە لەم شەقامە بەناوبانگە، کتێبی کۆن، شارستانییەت و ھونەریی ھەیە و دەفرۆشرێن".
گوتیشی: "شەقامی موتەنەبیم بە ئاوەدانی و بە رۆحی مێژوویی زیندووەوە بینیوە و کەسانیکی زۆر کە حەز بە رۆشنبیری، زانست، شارستانییەت و نووسین دەکەن روویان لە شەقامە کردووە و منیش وەک گەشتیارێکی عەرەب لەلایەن عێراقییەوە بە گەرمی پێشوازیم لێکرا".
ناوبراو ھانی گەشتیارانی دا کە کاتێک سەردانی بەغدا دەکەن، بچنە شەقامی موتەنەبی و گوتی: "جوانترین شارستانییەت و باشترین کتێبیم دۆزییەوە کە لە شەقامی موتەنەبی-دا بەردەستە".
- شەقامی موتەنەبی بووەتە ناوچەیەکی گەشتیاریی
مامۆستا محەمەد حوسێن وەھیب بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "کاتێک لەگەڵ خێزانەکەم سەردانی شەقامی موتەنەبی دەکەم ھەست دەکەم لە کەشێکی فۆلکلۆری عێراقیدا دەژیم، چونکە شەقامەکە ئێستا، رابردوو و داھاتوو بەیەکەوە دەبەستێتەوە".
گوتیشی: "لە شەقامی موتەنەبی، ھەست بە ئاسوودەیی دەروونی دەکەم، ھیوادارم ئەم ھەستە بگوازریتەوە بۆ ھەموو نەوەکانمان، بۆ ئەوەی ھەموو جیھان و رۆڵەکانمان بزانن کە عێراق وڵاتی رەسەنایەتییە".
ناوبراو کارەکانی نۆژەنکردنەوەی شەقامی موتەنەبی بە دەستکەوتێکی گرنگ لەقەڵەمدا و گوتی: "ھیوادارم ناوچەکانی دیکەی عێراق، ھاوشێوەی شەقامی موتەنەبی ئاوەدان بکرێنەوە، بۆ ئەوەی ببن بە ناوچەی گەشتیاریی، تا گەشتیارە بیانییەکان بە ناوچە گرنگە گەشتیارییەکانی وڵاتەکەمان ئاشنابن".
- فێرکردنی وێنەکێشان لە شەقامی موتەنەبی
ماوەی پێنج ساڵە، ئەیاد دبس کازم (٣٧ ساڵ) کە وێنەکێشە لە شەقامی موتەنەبی، منداڵان فێری وێنەکێشان دەکات و ھەوڵدەدات سەردانکەران دڵخۆش بکات.
ئەیاد دبس کازم بۆ ئاژانسی ئانادۆڵوی گوتی: "موتەنەبی وێستگەیەکی سەرنجڕاکێشی ھونەرمەندان و جیھانە، ماوەی پێنج ساڵە لەم شەقامە وێنەکێشان دەکەم، چەندین منداڵم فێری وێنەکشان کردووە و بەشداریم لە چەندین پێشانگا و فێستیڤاڵدا کردووە، ئامانجم پارە پەیداکردن نییە، بەڵکو ئامانجم دڵخۆشکردنی عێراقییەکانە، من مرۆڤم پێش ئەوەی ھونەرمەند بم، خولی بێبەرامبەر بۆ فێرکردنی وێنەکێشان دەکەمەوە".
گوتیشی: "شەقامی موتەنەبی لە رابردوودا داخرابوو و جوڵەی تیایدا نەبوو، بەڵام ئەمڕۆ رەوشەکە تەواو جیاوازە و رۆژ بە رۆژ، زیاتر خەڵکی سەردانی دەکەن، ئەوەیش بەھۆی ئەوەی باڵەخانەی گەورەی تیایدا بنیاتنراوە کە بووەنەتە مایەی سەرنجڕاکێشی گەشتیاران، ھەروەھا بووەتە شوێنێک بۆ ھونەرمەندان".
لە ساڵی ٢٠٠٧دا، ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو لە شەقامەکە تەقییەوە و بەھۆیەوە ٣٠ کەس کوژران و ٦٥ی دیکەیش برینداربوون و دواتر لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢١دا، دوای ئەوەی نۆژەنکرایەوە، دووبارە کرایەوە.