04 مای,س 2020•نوێکردنەوە: 04 مای,س 2020
بەغدا ــ AA
میدیاکانی عێراق بڵاویانکردەوە کە لە ئاکامی زنجیرەیەک پەلاماری داعش بۆسەر ژمارەیەک خاڵی حەشدی شەعبی لە سنووری پارێزگای دیالە، ھەشت چەکداری حەشدی شەعبی کوژراون.
روونیانکردووەتەوە کە درەنگانی شەوی رابردوو، چەکدارانی داعش پەلاماری ژمارەیەک خاڵی حەشدی شەعبیان داوە لە ناوچەی عوزێم باکووری پارێزگای دیالە کە لەمیانیدا شەڕ و پێکدادان لەنێوان ھەردوولادا، روویداوە.
بەپێی میدیاکان لە ئاکامی شەڕ و پێکدادانەکاندا، ھەشت چەکداری حەشدی شەعبی کوژراون و ژمارەیەکی دیکەیش برینداربوون.
ھاوکات ئەفسەرێک لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە سەربازێکی سوپا لەلایەن قەناسبەدەستێکی داعش لە ناوچەی عەین لەیلا سەربە ناحیەی قەرەتەپە باکووری پارێزگای دیالە، کوژراوە.
ئەمەش دوای ئەوە دێت، دوێنێ یەکشەممە، ھێزەکانی حەشدی شەعبی لە رۆژھەڵاتی پارێزگای سەڵاحەددین، بەرپەرچی ھێرشێکی داعشیان دایەوە و لەمیانیدا چوار تیرۆریستیان کوشت.
دوو رۆژ لەمەوبەر چەکدارانی داعش پێنج ھێرشیان کردە سەر ھێزەکانی حەشدی شەعبی لە سنووری پارێزگای سەڵاحەددین کە لە ئاکامدا، ١٣ چەکداری حەشدی شەعبی کوژران و ٢٠ی دیکەیش برینداربوون.
- کوژرانی سێ گەورە تیرۆریستی داعشی لە سنووری پارێزگای ئەنبار
وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاند کە سێ گەورە تیرۆریستی داعش لە سنووری پارێزگای ئەنبار، کوژراون.
لەوبارەوە شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە وەزارەتی بەرگریی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەداوە کە بەیانی ئەمڕۆ، ھێزە ئەمنییەکان ئۆپەراسیۆنێکیان لەژێر ناوی "شێرەکانی بیابان" بە ئامانجی پشکنینی ژمارەیەک ناوچەی پارێزگای ئەنبار دەست پێ کرد.
بەپێی راگەیەندراوەکە لە ئۆپەراسیۆنەکەدا کە لە نۆ میحوەرەوە ئەنجام دەدرێت، ھێزەکانی حەشدی شەعبی و حەشدی ھۆزەکان تیایدا بەشدارن.
ئاماژە بەوەیش دراوە کە سێ گەورە تیرۆریستی داعش کوژراون و ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراویش تێکشکێندراوە.