25 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 26 تەمووز 2020
بەغدا ــ AA
سەركۆماری عێراق بەرهەم ئەحمەد ساڵح، لە بەغدا پێشوازی كرد سەرۆكی رەوتی حیكمەی نیشتمانی، عەممار حەكیم و كۆبوونەوە.
نووسینگەی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە كە لە كۆبوونەوەكەدا، دواین گۆڕانكارییە سیاسی و ئەمنییەكانی وڵات تاوتوێكراوە و جەختكراوەتەوە لەسەر پێویستی پشتیوانیكردنی حكومەت بە ئامانجی جێبەجێكردنی كارنامەكەی، بەتایبەتیش لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە و جێبەجێكردنی داواكارییەكانی خۆپیشاندەران و هەروەها ئەنجامدانی چاكسازی.
بەپێی راگەیەندراوەكە كە كۆپیەكی گەیشتووەتە دەستی ئاژانسی ئانادۆڵو هەر لە میانی كۆبوونەوەكەدا، بەرهەم ئەحمەد ساڵح بەبۆنەی یادی سێ ساڵەی دامەزراندنی رەوتی حیمەی نیشتمانییەوە، پیرۆزبایی لە عەممار حەكیم كردووە و هیوای خواست سەركردایەتی و كادیرانی رەوتی حیكمە سەركەوتوو بن لە خزمەتكردنی رۆڵەكانی گەلی عێراق.
ئاماژە بەوەیشدراوە كە لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا، سەبارەت بە چۆنییەتی بەرەنگاربوونەوەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا و سنورداركردنی دەرهاویشتەكانی ڤایرۆسەكە لەسەر كەرتەكانی تەندروستیی و ئابووری لەگەڵ پشتیوانیكردن لە تیمە پزیشكی و كارمەندانی تەندروستیی گفتوگۆكراوە، بەجۆرێك ببێتە مایەیی پاراستنی سەلامەتی تەندروستیی هاووڵاتییان.
لە راگەیەندراوەكەی نووسینگەی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق ئەوەیش خراوەتە روو كە لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا، جەختكراوەتەوە لەسەر گرنگی یەكخستنی هەوڵەكان و هەماهەنگییە هاوبەشەكانی نێوان هێزە نیشتمانییەكان بۆ چەسپاندنی پاراستنی سەروەری و پتەوكردنی ئاسایش و سەقامگیری عێراق و دورخستنەوەی عێراق لە هەر جۆرە گرژی و ناكۆكییەكی ناوچەیی و نێودەوڵەتی.