Yakoota Al Ahmad,Ali Semerci
31 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 01 نیسان 2023
ئیستانبوڵ-AA
عێراق، گەڕاندنەوەی نۆ پارچە شوێنەواری مێژوویی راگەیاند کە لە رابردوودا بە شێوەی نایاسایی برابوونە دەرەوەی وڵات.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، سەرکۆمار عەبدوللەتیف رەشید، لە کۆشکی کۆماری لە بەغدا پێشوازی کرد لە وەزیری رۆشنبیری عێراق، ئەحمەد بەدرانی.
لە میانی کۆبوونەوەکەدا، نۆ پارچە شوێنەواری مێژوویی رادەستی سەرۆکی دەستەی شوێنەواری عێراق، لەیس مەجید حوسێن کران کە لە رابردوودا بە شێوەی نایاسایی برابوونە دەرەوەی وڵات و لەلایەن باڵیۆزخانەی عێراق لە واشنتۆن وەرگیرابوونەوە.
ئەوەش خراوەتەڕوو کە شوێنەوارەکان بریتین لە حەوت مۆر کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ شارستانیەتی بابل و میزۆپۆتامیا لەگەڵ پارچەیەک عاجی فیل لە شێوەی رووخساری مرۆڤ داتاشراوە و تابلۆیەکی لە قوڕ دروستکراوی سەدەی ناوەڕاستی بابلی.
جێی وەبیرهێنانەوەیە دوای داگیرکردنی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣دا ژمارەیەکی زۆر شوێنەواری مێژوویی لە مۆزەخانەکانی عێراق دزران و بە شێوەی نایاسایی برانە دەرەوەی وڵات.