Rewa Mahmood Hasan
10 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 11 تشرینی دووەم 2020
سلێمانی - AA
قادری حاجی عەلی سەرکردەی دیاری پێشووی هەریەک لە بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دوای مانەوەی بۆ ماوەیەکی زۆر لە نەخۆشخانە، بەهۆی تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، گیانی لەدەستدا.
قادری حاجی عەلی، دوای تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، کاتژمێر ٩:٣٠ بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، دوای مانەوەی بۆ زیاتر لەیەک مانگ، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری سلێمانی، لە تەمەنی ٦٥ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
بەگوتەی کەسوکارەکەی، سبەینێ چوارشەممە، تەرمی قادری حاجی عەلی لە گۆرستانی ئابڵاخ لە شاری سلێمانی بەخاک دەسپێردرێت.
بەپێی زانیارییەکان، لەکاتی زیاتر تێکچوونی دۆخی تەندروستیدا، عوسمانی حاجی مەحمود هاوەڵ و سەرکردەی پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان لەگەڵیدا بووە و دوای گیانلەدەستدانی کەسوکارەکەی سەردانیان کردووە.
قادری حاجی عەلی ساڵی ١٩٥٥ لە شاری سلێمانی لەدایک بووە.
لە ساڵی ١٩٨٠ەوە دەستی کردووە بە خەباتی سیاسی و لەنیو ریزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا چەندین پلەی جیا جیای وەرگرتووە، لەوانە ئەندامی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسیی و ماوەیەکیش سەرۆکی دەزگای زانیاری بووە.
لە ساڵی ٢٠٠٩دا لەگەل نەوشیروان مستەفا بزوونتەوەی گۆڕان دادەمەزرێنن و دەبێتە کەسی دووەم لەنێو ئەو بزووتنەوەیەدا.