Heman Hussein Yaseen
13 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 14 حوزەیران 2021
ههولێر - AA
ئەمڕۆ رێوڕەسمێکی تایبەت بە کولتووری تورکمان لە ھەولێر لە ژێر ناونیشانی یەکەمین رێوڕەسمی رۆشنبیری و ھونەری میللی بەڕێوەچوو و ژمارەیەک ھاووڵاتی تورکمان لەشارەکانی ھەولێر، کەرکووک، تەلەعفەر و دووزخورماتوو بەشداربوون و ژمارەیەکیان جلی تایبەت بە نەتەوەی تورکمانییان پۆشی بوو.
لە رێوڕەسمەکەدا دوای خولەکێک وەستان بۆ گیانی شەھیدان، دواتر سروودی نەتەوەیی تورکمان لێدرا و ئامادەبووان بە بێدەنگییەوە وەستابوون و دواتریش رێوڕەسمەکە دەستی پێکرد.
وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان ئایدن مەعروف لە ڕێورەسمەکەدا، جەختی لە پەرەپێدانی کولتووری نەتەوەکان کردەوە و ئاماژەی بەوەکرد کە ھەر نەتەوەیەک پێویستە کولتووری خۆی بپارێزێت و ھەرێمی کوردستانیش بە فرە نەتەوەییە جوانە و لەماوەی چەند ساڵی رابردووشدا ئەو پێکەوەژیانە بووەتە بەشێک لە جوانییەکانی ھەرێمی کوردستان.
لە بەشێکی رێورەسمەکەدا، چەند گۆرانی و میوزێکی تایبەت بە تورکمان پێشکەیش کرا و، ژمارەیەک بەشداربووش بە جلی تایبەتەوە، شایی و ھەڵپەڕکێیی جیاوازیان ئەنجامدا.
لە چوارچێوەی رێوڕەسمەکدا کە هەر ئەمڕۆ بەردەوام دەبێت، چەندین پارچە ھۆنراوەی نەتەوەیی و خۆشەویستیی لە تەک ژەنینی میوزیکدا، خوێنرانەوە و ئەمەش ھەستێکی تایبەتی بە ئامادەبووان بەخشی.