Zana Natık Kerem
13 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 18 حوزەیران 2021
ھەولێر ــ AA
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند کە بەپێی دوایین ئامار، ژمارەی کۆچبەران لە دوای ٢٠١٤ لە ٧٥٠ ھەزار کەسەوە بۆ ٣٧ ھەزار کەس کەمبووەتەوە.
لەمبارەیەوە بریکاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، کەریم نوری لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەداوە کە لەئێستادا، ژمارەی کەمپەکانی کۆچبەران لە ھەرێمی کوردستان، ٢٦ کەمپە کە ١٦یان لە دھۆک، شەشیان لە ھەولێر و چوارەکەی دیکەیش لە سلێمانیین و گوتی:
"بەپێی دوایین ئامار، ژمارەی کۆچبەران لە عێراق لە دوای ٢٠١٤وە لە ٧٥٠ ھەزار کەس بۆ ٣٧ ھەزار کەس کەمبووەتەوە کە لەو ژمارەیە ٣٠ ھەزاریان لە کەمپەکانی ھەرێمی کوردستان نیشتەجێن و حەوت ھەزارەکەی دیکەیش لە کەمپی فەللوجە لە پارێزگای ئەنبار و کەمپی جدعە لە پارێزگای نەینەوا، نیشتەجێن".
کەریم نوری گوتیشی: "زۆربەی کۆچبەرانی قەزای شنگال و ناوچەکانی دەورووبەری لە کەمپەکانی ھەرێمی کوردستان نیشتەجێن".
باسی لەوەشکردووە کە لە میانی ئەم چەند مانگەی دواییدا، ژمارەیەکی زۆر لە کۆچبەران گەڕاونەتەوە و ٥٠ ھەزار کەمپیش داخراون و گوتی:
"ژمارەیەک لە کۆچبەران لەو ناوچانە نیشتەجێبوون کە وەک کۆچبەر روویان تێکردووە و ژمارەیەکی دیکەیشیان گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان، بەڵام ئاوارەکانی سووریا لە کەمپێکی تایبەتدا لە ھەرێمی کوردستان کە لەژێر سەرپەرشتی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دایە، نیشتەجێن".
بریکاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، کەریم نوری راشیگەیاندووە کە ھەوڵدەدەن کۆچبەران بە ئارەزوومەندانە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان نەوەک بە زۆرەملێی و خزمەتگوزارییەکان بۆ دابین بکەن و گوتی:
"بەھۆی بوونی ناکۆکی کۆمەڵایەتیی و پرسی ئەمنیی یان نەبوونی خزمەتگوزاریی، ھیچ ئاوارەیەک بە زۆرەملێ ناگەڕێندرێتەوە زێدی خۆی، لەبەر ئەوە لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ھەوڵدەدەین ئاستەنگەکانی بەردەم گەڕاندنەوەی کۆچبەران لاببەرێن و بە ئارەزوومەندانە بیانگەڕێننەوە زێدی خۆیان".
کەریم نوری سەبارەت بە حاڵەتەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کەمپەکاندا، رایگەیاند کە ژمارەیەکی کەم لە کۆچبەران لە کەمپەکاندا تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، بەڵام ھیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسەکە لە کەمپەکاندا تۆمارنەکراوە و گوتی: "ئەو کۆچبەرانەی کە لە کەمپەکاندا بۆ وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنا، خۆیان تۆمارکردووە، دۆزی یەکەم و دووەمی ڤاکسینەکەیان وەرگرتووە".