Muhammet Kurşun, Başar Bayatlı
12 ئاب 2026•نوێکردنەوە: 12 ئاب 2026
"کاروانی فەڵەستین" کە لە شاری سرێبرێنیتسا لە بۆسینا و ھەرزەگۆڤینا بەڕێکەوتبوو گەیشتە دەروازەی "ئیبراھیم خەلیل" سنووری عێراق لەگەڵ تورکیا، ئەوەش لە کاتێکدایە کە کاروانەکە لە ھەوڵە دیپلۆماسی و لۆجستییەکانی بەردەوامە بۆ تەواوکردنی گەشتەکەی.
کاروانەکە کە دروشمی "پاڵپشتی لە گەلی فەڵەستین و کۆتاییھێنان بە داگیرکاریی" ھەڵگرتووە، نزیکەی ٤٠٠ چالاکوانی مەدەنی لە ٢٠ وڵاتەوە لەخۆ دەگرێت.
کاروانەکە دوای ئەوەی ئێوارەی دوێنێ سێشەممە لە دەروازەی "خاپوور" سنووری تورکیا پەڕییەوە، گەیشتە دەروازەی "ئیبراھیم خەلیل".
گوتەبێژی کاروانەکە، حوسێن دورماز لە لێدوانێکدا بە ئاژانسی ئانادۆڵوی ڕايگەیاند کە دوو ڕۆژ لەمەوبەر بۆ ڕێکخستنی لۆجیستییەکان و ئەنجامدانی گفتوگۆی پێویست لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراقی لە پێناو ئاسانکاریی بۆ تێپەڕبوونی چالاکوانان، گەیشتووەتە عێراق.
حوسێن دورماز جەختی لەوەش کردەوە کە کاروانەکە، کاروانێکی مەدەنی و ئاشتیخوازانەیە و ئامانجی ئەوەیە سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ نەھامەتییەکانی فەڵەستییەکان لە کەرتی غەززە و کەناری ڕۆژئاوا ڕابکشێت و گوتی: "ئێمە کاتێکی زۆرە لە چاوەڕوانییداین، ھەرچەندە لە میانی ئەو گفتوگۆیانەی ئەنجاممانداون، ھیچ کێشەیەکی یاسایی لە بەڵگەنامەکانماندا نییە، لەگەڵ ئەوەشدا بۆمان دەرکەوتووە کە فشار و دەستوەردان لە لایەن ئیسرائیلەوە ھەیە بۆ ئەوەی کاروانەکەمان نەتوانێت بەردەوام بێت لە گەشتەکەی".
گوتەبێژی "کاروانی فەڵەستین" ئاماژەی بەوەشداوە: "ئەوەی تەل ئەبیب زۆر لێی دەترسێت، ئەوەیە ھەر کاروانێکی جەماوەریی ئاشتیخوازانە بەرەو سنوورەکانی بڕوات".
حوسێن دورماز باسی لەوەش کرد کە "کاروانی فەڵەستین" لەگەڵ ئەوەی پێشتر گەیشتە ناو خاکی تورکیا و ئیستانبوڵ، لەلایەن وەزارەتی کاروباری ڕەوەندی ئیسرائیلەوە بە "مەترسیدار" لەقەڵەم دراوە.
گوتەبێژی "کاروانی فەڵەستین"، حوسێن دورماز ڕاشیگەیاند کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتانی ناوچەکە بەردەوامە و، ھیوای خواست ئەنجامی ئەرێنی بەدەست بھێنن بۆ ئەوەی کاروانەکە بەردەوام بێت لە گەشتەکەی تا دەگاتە سنووری ئوردن و فەڵەستین.