مەدرید
لەمیانی یارییەکانی گرووپی Bی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا یانەی ریال مەدرید میوانداریی یانەی گەڵاتەسەرای تورکی کرد.
پێش تۆمارکردنی ھیچ گۆڵێک، لە دەقیقەی ٢٦ی یارییەکە یاریزانی ھێڵی بەرگریی یانەی ریال مەدرید سێرجۆ رامۆس، دوای راکێشانی یاریزان ئوموت بوڵوت، لەلایەن ناوبژیوانەوە بە کارتی سوور کرایە دەرەوە.
شاھانە بە ١٠ یاریزان بەردەوامبوون لە یارییەکە، یانە تورکییەکە نەیتوانی ئەو ھەلە بقۆسنەوەو سەرکەوتن تۆماربکەن. ئەوەبوو لە دەقیقەی ٣٧ یاریزان گاریس بێڵ گۆڵی یەکەمی تۆمارکردو ریال مەدریدی بە گۆڵێک پێشخست.
تەنیا دەقیقەیەک دوای گۆڵەکە، درۆگبا پاسێکی نێوانی ناردە ھێڵی سزای مەدریدییەکان، ئوموت توانی گۆڵی بەرامبەری پێ تۆماربکات. ئەنجامی یارییەکە بووە ١-١، گێمی یەکەم بەو ئەنجامە تەواوبوو.
لە دەقیقەی ٥١ بەرگریکاری ریال مەدرید ئەربیلوا گۆڵی دووەمی بۆ یانەکەی تۆمارکردو ئەنجامەکە بووە ٢-١.
دوای چەند ھەوڵێکی یانە تورکییەکە بۆ گۆڵی بەرامبەرو بەدەستھێنانی خاڵێک، یانەی شاھانە لەڕێی ئەرجەنتینی ئەنخێل دیماریا و یاریزان فرانسیسکۆ سوارێز لە دەقیقەکانی ٦٣ و ٨٠ دوو گۆڵی دیکەی تۆمارکردو کۆتایی بە کەرنەڤاڵی گۆڵەکان ھێنا.
یاریی گەڕانەوە بە ئەنجامی ٤-١ لە بەرژەوەندیی ریال مەدرید تەواو بوو.
لە تەواوی یارییەکەدا کارتێکی سوور و کارتێکی زەرد بەڕووی یاریزانانی ریال مەدرید بەرزکرانەوە، تەنیا کارتێکی زەرد بەرووی یاریزانێکی گەڵاتەسەرای بەرزکرایەوە.
لە یاریی چوون کە لە ئیستەنبوڵ بەڕێوەچوو، یانەی ریال مەدرید بەئەنجامی ٦-١ لە گەڵاتەسەرای بردەوە. یانەی گەڵاتەسەرای لە ھەردوو یاریی بەرامبەر ریال مەدرید ١٠ گۆڵی لێکراوەو تەنیا دوو گۆڵی تۆمار کردووە.