ئەنقەرە
بڕیارە رۆژی ١٥ی کانوونی یەکەم لە دورگەی مادەیرا، شوێنی لەدایکبوونی یاریزانی پرتوگالی و یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ مۆزەخانەیەکی تایبەت بە خەڵات و کەلوپەلە کەسییەکانی ئەو یاریزانە بکرێتەوە.
لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رۆناڵدۆ گوتی "رۆژی ١٥ی کانوونی یەکەم لەکاتی کردنەوەی مۆزەخانەکە خۆم و خانەوادەکەم ئامادە دەبین، ئەوکات وەڵامی پرسیارەکانتان دەدەمەوە".
لەباری خەڵاتی تۆپی ئاڵتوون رۆناڵدۆ وەڵامی پرسیارێکی بەمجۆرە دایەوە "ھیوادارم ئەو خەڵاتە بە کەسی شایستە بدرێ، خۆشحاڵم کە کاندیدکراوم بۆ ئەو خەڵاتە".
رۆناڵدۆ رایگەیاند کە بەردەوامن لە ئامادەکاری بۆ کردنەوەی مۆزەخانەکەو رێکخستنی شوێنی پێشوازیکردن لە میوانان.
بەھۆی ئەوەی باوکی لە دورگەی مادەیرا فەرمانبەربوو، رۆناڵدۆ لەوێ دەستی بە یاریی تۆپی پێ کردو دوای ئەوەی بووە جێی سەرنجی وەرزشوانان لەتەمەنی ١٢ ساڵیدا لەلایەن یانەی لیشبۆنەوە داواکرا.