Mehmet Kadir Kılınç
19 شوبات 2023•نوێکردنەوە: 20 شوبات 2023
ئیستانبوڵ - AA
هەناردەی تورکیا بۆ وڵاتانی کەنداو لە مانگی کانوونی دووەمی رابردوودا، بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی پێشوو بە رێژەی لەسەدا ١٦،١ زیادی کردووە و گەیشتووەتە یەک ملیار و ٤٣١ ملیۆن دۆلار.
بەپێی ئەو زانیارییانەی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لە ئەنجوومەنی هەناردەکارانی تورکیا کۆی کردوونەتەوە، هەناردەکردنی کاڵا و شتومەکی تورکیا لە مانگی کانوونی دووەمی رابردوودا، بە بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی ٢٠٢٢ لەسەدا ١٠،٤ زیادی کردووە و بووەتە ١٩ ملیار و ٣٧٥ ملیۆن دۆلار.
هەناردەی تورکیا بۆ وڵاتانی کەنداو لە مانگی کانوونی دووەمی رابردوودا، بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی پێشوو بە رێژەی لەسەدا ١٦،١ زیادی کردووە و گەیشتووەتە یەک ملیار و ٤٣١ ملیۆن دۆلار.
مانگی رابردوو بە بەهای ٦٧١،٢ ملیۆن دۆلار بۆ عێراق (کە بەشێکی بەرچاو لەو کاڵا و شتومەکانە پێک دەهێنێت کە هەناردەی هەرێمی کوردستان کراوە)، ٢٢٣،١ ملیۆن دۆلار بۆ ئیمارات، ٢٠٢،٨ ملیۆن دۆلار بۆ سعوودیە، ١٩١،٧ ملیۆن دۆلار بۆ ئێران، ٥٤،٩ ملیۆن دۆلار بۆ قەتەر، ٤٥،٥ ملیۆن دۆلار بۆ کوێت، ٢٧،٦ ملیۆن دۆلار بۆ عومان و ١٤،٣ ملیۆن دۆلار بۆ بەحرێن لە تورکیاوە کاڵا و شتومەک هەناردە کراوە.
لە مانگی کانوونی دووەمی رابردوودا، ئەو کەرتەی کە بە زۆرترین هەناردەی تێدا ئەنجام دراوە کەرتی خشڵسازی بووە.
لە کەرتەکانی ماددە و بەرهەمە کیمیاییەکان، دانەوێڵە و پەلەوەر، مۆبیلیات و کاغەز هەناردەکردن بەرزترین ئاستی تۆمار کردووە.
بە بڕی پێنج ملیۆن و ٧٠٠ هەزار دۆلار جلوبەرگ هەناردەی کوێت و بە ٢٩ ملیۆن ٣٠٠ هەزار دۆلار فەرش هەناردەی سعوودیە و بە بڕی شەش ملیۆن دۆلاریش بەرهەمی دانەوێڵە و پەلەوەر هەناردەی عومان کراوە.
- ئیستانبوڵ ئەو پارێزگایەیە کە زۆرترین کاڵا و شتومەکی هەناردە کردووە
ئیستانبوڵ ئەو پارێزگایەیە کە لە مانگی کانوونی دووەمی رابردوودا، زۆرترین کاڵا و شتومەکی هەناردەی وڵاتانی کەنداو کردووە.
ئیستانبوڵ، بە بەهای ١٢٢ ملیۆن دۆلار بۆ ئیمارات، ٧،٢ ملیۆن دۆلار بۆ بەحرێن، ١٧٨ ملیۆن دۆلار بۆ عێراق، ١١٢،٦ ملیۆن دۆلار بۆ ئێران، ٢٧ ملیۆن دۆلار بۆ قەتەر، ٢٠،٣ ملیۆن دۆلار بۆ کوێت، ٦٥ ملیۆن دۆلار بۆ سعوودیە و ٩،٥ ملیۆن دۆلار بۆ عومان شتومەک و کاڵای هەناردە کردووە.