Tuğrul Çam,Mohammed Baqi Hussein,Ramal Abdullah Mahmood
17 نیسان 2018•نوێکردنەوە: 18 نیسان 2018
ئه‌نقه‌ره - AA
سکرتێری گشتیی ناتۆ، یانس ستولتنبێرگ رایگه‌یاند، توركیا پشتگیریی به‌هێز له به‌رنامه‌ی مه‌شق و راهێنانه‌كانی ناتۆ كه بۆ عێراق پلانی بۆ داناوه ده‌كات و گوتی: "توركیا رایگه‌یاندووه كه پشتگیریی ئه‌و كارانه ده‌كات كه درێژه‌یان هه‌یه. به‌خۆشحاڵییه‌وه پێشوازی له‌وه ده‌كه‌ین كه توركیا ده‌یه‌وێت پشتگیریی راهێنه‌ران و كارمه‌ندانی ناتۆ بكات".
یانس ستولتنبێرگ له‌باره‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ توركیا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دوا و سه‌باره‌ت به به‌رنامه‌كانیان بۆ مه‌شقپێكردن له عێراق رایگه‌یاند، توركیا پشتگیریی خۆی بۆ كاره‌كانیان له عێراق راگه‌یاندووه.
سکرتێری گشتیی ناتۆ، یانس ستولتنبێرگ گوتی: "ئومێده‌وارم له لووتكه‌ی مانگی ته‌مووزدا بتوانین به‌رنامه‌ی مه‌شق له عێراق ده‌ستپێبكه‌ین. هێشتا بڕیار له‌سه‌ر ورده‌كارییه‌كان نه‌دراوه. له ئێستادا كار له‌سه‌ر به‌رنامه‌یه‌ك بۆ مه‌شقپێكردنی ئه‌فسه‌ران و سه‌ربازانی عێراقی ده‌كه‌ین. به دامه‌زراندنی ئه‌كادیمیای سه‌ربازی و راهێنانی راهێنه‌ران، عێراق والێده‌كه‌ین خۆی كاری خۆی له‌بواره‌كه‌دا به‌ڕێوه‌ببات. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌مانه‌وێت هاوكاریانبین له دامه‌زراندنی دامه‌زراوه ئه‌منی و بهرگریییهكانیدا. هێشتا شتێك نییه بڕیاری له‌سه‌ردرابێت. كاره‌كانمان له‌گه‌ڵ عێراق له‌وباره‌وه به‌رده‌وامه. توركیا رایگه‌یاندووه كه پشتگیریی ئه‌و كارانه ده‌كات كه درێژه‌یان هه‌یه. به‌خۆشحاڵییه‌وه پێشوازی له‌وه ده‌كه‌ین كه توركیا ده‌یه‌وێت پشتگیریی راهێنه‌ران و كارمه‌ندانی ناتۆ بكات".
سکرتێری گشتیی ناتۆ رایگه‌یاند، توركیا رۆڵێكی گرنگی هه‌یه له ناوچه‌كه‌دا و ناوچه‌كه به‌باشی ده‌ناسێت. وهبیریشیهێنایهوه كه پێشتر توركیا له نزیكه‌وه كاری له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی ناوه‌ندیی عێراق و هه‌رێمی كوردستاندا كردووه و گوتی: "هه‌موو ئه‌مانه ئه‌زموون و زانیاریی سوودبه‌خش له لایه‌ن توركیاوه بۆ ناتۆ ده‌سته‌به‌رده‌كات".
یانس ستولتنبێرگ راشیگه‌یاند، یه‌كێك له باشترین تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ناتۆ مه‌شقكردنه به هێزه خۆجێیه‌كان و گوتی: "رێگریكردن له ده‌ستێوه‌ردان باشتره. ئێمه نابێت ته‌نها له جه‌نگدا بیبه‌ینه‌وه، ده‌بێت ئاشتیش به‌ده‌ستبهێنین".
سکرتێری گشتیی ناتۆ، یانس ستولتنبێرگ گوتی: "ده‌بێت رێگه له گه‌ڕانه‌وه‌ی داعش و هه‌موو رێكخراوه تیرۆریستییه‌كانی دیكه بگرین كه ده‌بنه هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر سه‌قامگیری عێراق. گرنگی نێرده‌ی مه‌شق و راهێنان و زیادكردنیشی له‌مه‌دایه. ده‌بێت عێراقییه‌كان بۆ خۆیان رێگه به گه‌ڕانه‌وه‌ی داعش نه‌ده‌ن و به‌ره‌نگاری تیرۆر ببنه‌وه. ئه‌مه له به‌رژه‌وه‌ندی ئێمه‌شدایه چونكه هاوسێكانمان چه‌ند سه‌قامگیر بن ئێمه‌ش به‌و ئه‌ندازه‌یه ئهمنییهتمان پارێزراو ده‌بێت. له‌و شوێنانه‌ی وه‌ك عێراق، ئه‌فغاستان، بۆسنە و لیبیا كه ناتۆ ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییه‌كانی تیادا ئه‌نجام ده‌دات له ماوه‌یه‌كی درێژدا هێزه خۆجێیه‌كان بێهاتنی سه‌ربازی بیانی ده‌توانن به شێوه‌یه‌كی كاریگه‌ر به‌رده‌وامی بده‌ن به به‌رگریكردن له وڵاته‌كه‌یان. له‌و باوه‌ڕه‌دام مه‌شق و راهێنان به هێزه خۆجێیه‌كان باشترین ئامرازه بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆریستان".
سکرتێری گشتیی ناتۆ، یانس ستولتنبێرگ ئاماژه‌ی به‌وه دا كه هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌ی توركیا سوودی به ناتۆ گه‌یاندووه ناتۆش سوودی به توركیا گه‌یاندووه و فڕۆكه‌ی چاودێری AWACS له قۆنیا، به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی به‌نده‌ری زیاتر و مانۆڕ ئه‌نجامدانی كه‌شتییه‌كانی ناتۆ له توركیا، چالاكییه‌كانی هه‌واڵگری و پشكنین و چاودێری به نموونه‌ی ئه‌مه هێنایه‌وه.
یانس ستولتنبێرگ به‌بیری هێنایه‌وه كه به‌شه‌كانی سیسته‌می به‌رگری ئاسمانییان له ئیتاڵیا و ئیسپانیاوه ره‌وانه كردووه و له توركیا جێگیریان كردوون و گوتی: "هه‌روه‌ها ساڵانێكه به‌رده‌وام پشتگیری توركیا ده‌كرێت و له میانی چه‌ندین ساڵدا وه‌به‌رهێنانی ژێرخانی توركیا به بڕی ملیاران دۆلار كراوه به سیسته‌می رادار، فڕۆكه‌خانه و په‌یوه‌ندی".
ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه دا كه ناتۆ تاكو ئێستا داواكارییه‌ك یاخود به‌رنامه‌یه‌كی نییه بۆ بوونی له باكووری سووریا و گوتی: "ناتۆ ئێستا له توركیایه و له رووی پشكنین و سیسته‌می به‌رگری، زیادكردنی بوونی له ده‌ریا و مانۆڕه‌كانی پشتگیری توركیا ده‌كات. یه‌كێكی دیكه له‌و هۆكارانه‌ش زۆر ئاڵۆزبوونی پێكدادانه‌كانی سووریا‌ن. بوونی ناتۆش له‌وێ (له باكووری سووریا) نابێته هۆی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان".