Barış Seçkin
14 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 14 تشرینی دووەم 2021
رۆما - AA
لە ئیتاڵیا، لە سەرەتای ساڵەوە بۆ ئێستا ١٠٣ تاوانی کوشتن بەرامبەر ئافرەتان ئەنجامدراوە.
بەپێی راپۆرتی "کوشتنی بە ئەنقەست" کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی نەھێشتنی تاوان لە پۆلیسی ئیتاڵیا بڵاوکراوەتەوە، لە ماوەی نێوان سەرەتای ئەم ساڵەوە تاکو ٧ی تشرینی دووەم، لەو وڵاتە ٢٤٧ تاوان تۆمارکراوە.
راپۆرتەکە، ئەوەی ئاشکرا کردووە کە لەو تاوانانە ١٠٣ دانەیان کوشتنی ئافرەتان بووە و ئەوەشی راگەیاندووە کە لە وڵاتەکەدا لە ھەر سێ رۆژدا ئافرەتێک بە ھۆی کوشتنەوە گیان لەدەستدەدات.
بەپێی راپۆرتەکە، لەو ١٠٣ تاوانە، ٨٧یان لە ئەنجامی توندوتیژی خێزان یان توندوتیژی ھاوسەرەوە بووە.
راپۆرتەکە، ئەوەشی خستووەتەڕوو کە بە بەراوورد لەگەڵ ھەمان ماوەی ساڵی رابردوودا رێژەی کوشتنی ئافرەتان لەسەرانسەری وڵاتەکە سەدا شەش زیادیکردووە و ژمارەی ئەو ئافرەتانەی کە بوونەتە قوربانیی کوشتن لە ٩٧ ئافرەتەوە بۆ ١٠٣ ئافرەت بەرزبووەتەوە.
ئیتاڵیا، کە یەکێکە لە وڵاتەکانی ناو یەکێتی ئەورووپا کە بە بەردەوامی تاوانی کوشتنی ئافرەتانی تێدا تۆمار دەکرێت لە ساڵی ٢٠١٨دا ١٤١، لە ٢٠١٩دا ١١١ و لە ساڵی ٢٠٢٠دا ١١٦ ئافرەت کوژراون.