Sinan Doğan
05 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 05 تەمووز 2023
بۆگۆتا - AA
بیابانی ئاتاکاما کە بە وشکترین بیابانی جیهان ناسراوە و دەکەوێتە چیلی، بەهۆی فڕێدانی چەندین تۆن جلوبەرگ، پلاستیک و داروپەردووی خانووبەرە وەک زبڵدانێکی گەورەی لێهاتووە.
ئەم بیابانە دەکەوێتە دووری نزیکەی ١٠ کیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی شاری ئیکویکو و بەهۆی فڕێدانی زبڵ و پاشەڕۆوە بەتەواوی پیس بووە.
پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لەڕێی ئامێری درۆنەوە وێنەی بیابانەکەی گرت، وەک لە گرتەکاندا دەردەکەوێت هەزاران پارچە پلاستیک، داروپەردووی خانووبەرە و جلوبەرگ لە بیابانەکەدا فڕێدراون.
لەو هەواڵانەدا کە لە راگەیاندنە ناوخۆییەکانی چیلی بڵاوکراونەتەوە، باس لەوە دەکرێت کە ساڵانە تێکڕا ٥٩ تۆن جلوبەرگ فڕێدەدرێتە بیابانەکەوە کە بەشێکیان دەفرۆشرێن و ئەوانەشی کە خواستیان لەسەر نییە لە بیابانەکەدا دەمێننەوە.
ئەو کەسانەی تەماشای جلوبەرگە فڕێدراوەکانی ناو بیابانەکە دەکەن، ئەوە دەبینن کە بەشێک لە جلەکان بەکارنەهاتوون و هێشتا کاغەزی نرخەکانیان لەسەرە.
چیلی لەڕووی زۆری هەناردەکردنی جلوبەرگەوە لە ریزبەندی دووەمی وڵاتانی ئەمریکای لاتیندایە، چەندین تۆن جلوبەرگ کاتێک مۆڵەتی تێپەڕبوون لە خاڵەکانی گومرک بەدەست ناهێنن لە بیابانەکەدا فڕێدەدرێن.